عێراقکوردستان

کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یانەی دهۆك دیاریکرا

دوای ئەوەی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بە ئامادەبوونی دەستەی گشتی یانەکان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولی نایابی عێڕاق و یەکلاکردنەوەی یانە سەرکەوتووەکان و دابەزیوەکان، یەکێتیەکە بە فەرمی بڕیاریدا یاری پاشکۆ بۆ یانە پلە یەکەکانی عێڕاق ئەنجامبدرێت.

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو یانەی دهۆك ڕووبەڕووی یانەی ناسڕیە ببێتەوە کە هەر دوو یانە پلەی دووەمی کۆمەڵەکانی خۆیانیان بە دەست هێنابوو، ئینجا براوەیان لە ڕۆژی 8/ 9 بەرامبەر یانەی ئەمانەی بەغداد خاوەن پلەی هەژدەمی خولی نایابی عێڕاق یاری بکات و براوەیان لە ڕیزی یانە گەورەکانی عێڕاق بێت بۆ وەرزی داهاتوو، هەر دوو یاریش لە یاریگای ( شەعب ) لە شاری بەغداد بەڕێوەدەچێت.

بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکی یانەی دهۆك ( عەبدوڵاجەلال ) و جێگرەکەی ( خالیدموشیر ) سەردانی شاری بەغدایان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق ( عەدنان درجال ) کۆبوونەوە بە مەبەستی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاشکۆ، هەروەها باس لەوە کرا ئایا یانەکان بە لیستی یاریزانانی وەرزی ڕابردوو بەشداری دەکەن یاخود بە لیستی وەرزی نوێ، درجال بڕیاریداوە سبەی یەکشەممە31/ 7  ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، زۆربەی سەرچاوەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەرسێ یانە بە لیستی یاریزانانی وەرزی نوێ بەشداری بکەن بە هۆی نەمان و ڕۆیشتنی بەشێکی زۆر لە یاریزانەکانی وەرزی ڕابردوویان لە ڕیزی یانەکانیان.

بابەتی زیاتر

Back to top button