شێڤچینکۆ بە گریانەوە باسی بارودۆخی وڵاتەکەی دەکات
ئەندریە شێڤچینکۆ لە پەیامێکدا بە گریانەوە داوا دەکات جەنگی سەر وڵاتەکەی بوەستێندرێت.
ئەفسانە مێژووییەکەی ئۆکرانیا رۆژانە سەیری هاونیشتیمانیانی دەکات کە دەکوژرێن و لەناو دەبرێن لەلایەن رووسیاوە.
شێڤا دەڵێت “دایکم، خوشکەکەم و خزمەکانی دیکەمان هێشتا لە ئۆکرانیان و بە بڕیاری خۆیان مانەوە. هەموو رۆژێک قسەیان لەگەڵ دەکەم. ناتوانم سەیری دۆخی وڵاتەکەم بکەم بە بێ گریان، ئەوان پێم دەڵێن چۆن تۆپباران دەکرێن و چەند منداڵ و بەتەمەنی دەکوژرێن. دەبێت هەوڵدەین بەشێوەی دیپلۆماسی رووسیا ناچاربکەین وازبهێنێت. ئەم جەنگە بوەستێنن”.
ناوبراو کە کۆتا ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئۆکرانیا بوو وتیشی “داواتان لێ دەکەم بە رەحم بن و یارمەتی خەڵکی وڵاتەکەم بدەن و پێویستمان بە یارمەتییە. دەزانم هەمووتان پشتیوانیانن بەڵام پێویستمان بە زیاترە”.
شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا تا دێت خوێناوی تر دەبێت و زۆرینەی شارە سەرەکییەکانی وێران کراون جگە لە سەدان زیانی گیانیی.