ئیتاڵیا

داواکەی فابریزیۆ میکۆڵی رەتکرایەوە و سێ ساڵ زیندانی دەکرێت

یاریگا-دادگای پالێرمۆ داوای فابریزیۆ میکۆڵی رەتکردەوە بۆ کەمکردنەوەی  سزاکەی و ئەستێرەکەی پێشووی پالێرمۆ و یوڤێنتۆس دەبێت لە زیندان بمێنێتەوە..

میکۆڵی یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی خولی ئیتاڵی دەیەی رابردوو، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢- ٢٠١٥ یاری بۆ یانەکانی یوڤێنتۆس، فیۆرەنتینا و پالێرمۆ و لێچی ئەنجامداوە.

ناوبراو  لە ٢٠١٥دا وازی لە یاریکردن هێنا پاش تێوەگلانی لەگەڵ مافیاکانی ئیتاڵیا. یەکەم هەواڵ لە ٢٠١٣دا لەلایەن ئاژانسی ئانساوە بڵاوکرایەوە گووایە میکۆڵی لەگەڵ ئەنتۆنینۆ لاوریسێلای سەرۆکی مافیای سیسیلیان تێوەگلاوە، دواتر پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کرد و دەرکەوت فابریزیۆ کاری کۆکردنەوەی پارەی یانەکانی شەوانە و ئەو شوێنانە بووە  کە قەرزاری ماورۆی کوڕی سەرکردەی مافیاکەن.  هەروەها کاتێک پۆلیسی چاودێری خستە سەر ئەو یاریزانە، لە پەیوەندییەکدا قسەی ناشرینی بە جیۆڤانی فاڵکۆ دابوو، کە دادوەرێکی دژە مافیابوو دواتر هەر لەلایەن مافیاکانەوە کوژرا.

لە ٢٠١٧دا دادگا سزای سێ ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپاند و لە ٢٠٢٠دا سزاکە جێبەجێکرا. پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک، میکۆڵۆ داوای لە دادگاکردبوو پێداچوونەوە بۆ کەیسەکەی بکەن و سزاکەی سوکبکرێت بەڵام رەتکرایەوە و دەبێت تا کۆتایی هاتنی سێ ساڵ ونیوەکە بمێنێتەوە.

Back to top button