ئیتاڵیا

کیسێ داوای موچەیەکی مەحاڵ دەکات بۆ مانەوە لە میلان

یاریگا-جیانلوکا دی مارزیۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ناودار مەرجی فرانک کیسێ بۆ مانەوە لە ئەیسی میلان ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی دی مارزیۆ لەکۆتا گفتوگۆیاندا میلان رەزامەندی نیشانداوە گرێبەستەکەی بۆ ٦.٥ ملیۆن یۆرۆی ساڵانە بەرزبکاتەوە بەڵام کیسێ رەتیکردووەتەوە و داوای ٩.٥ ملیۆن دەکات بەرامبەر بە مانەوە لە یانەکەدا.

بەگوتەی سەرچاوەکە میلان بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ئەو موچەیە بدات و ئەگەر کیسێ داواکارییەکەی نزم نەکاتەوە رەنگە لە گواستنەوەی زستانەدا بفرۆشرێت تاوەکو ناچارنەبن هاوینی داهاتوو بێ بەرامبەر دەستبەرداری ببن.

ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی رۆیشتنی کیسێ لە رۆسۆنێری هەیە و ناوبراو بە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان دادەنرێت لە پێگەکەی خۆیدا. هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەورووپا چاوییان لەو یاریزانەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button