یاریگا

پلاتینی لە پاریس دەستبەسەر کرا لەسەر کەیسی مۆندیالی قەتەڕ

یاریگا- میشێل پلاتینی سەرۆکی پێشووتری یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوفا’ ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەستبەسەر کرا.

هۆکاری بردنی ئەفسانەکەی ساڵانی هەشتای فەڕەنسا بۆ بەردەم دادگا، بۆ کەیسی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوبراو تۆمەتبارە بەوەی گەندەڵیی کردبێت لە پێدانی ئەو مۆندیالە بە قەتەڕ.

لە ئێستادا پلاتینی لە دەرەوەی پاریسی پایتەخت لە PNF دەستبەسەرە، کە دەزگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانکاریی دارایی و گەندەڵیی.

ڕۆژنامەی Le Monde لای خۆیەوە ئەوەی بڵاو کردەوە کە دادوەرانی تایبەت بە کەیسەکە لەو نیوەڕۆخوانە دەکۆڵنەوە کە لە لایەن نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی ئەو وەختەی فەڕەنساوە ڕێکخرابوو بە نۆ ڕۆژ پێش دەنگدان بۆ دیاریکردنی مۆندیالەکانی 2018 و 2022 و هەڵبژاردنی وڵاتەکەی کەنداو وەک میواندار، هەریەکە لە پلاتینی و شێخ تەمیم بن حەمەدی دووەم کە سەرەکوەزیرانی ئەوکاتی قەتەڕ و ئێستا ئەمیری وڵاتەیە، میوانی نیوەڕۆخوانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بوونە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەشی بەوە کردبوو کە پلاتینی بەخۆی دەنگی بە قەتەڕ داوە لە ڕکابەرایەتی ئەمریکا و “هەرگیز سارکۆزی بۆ وەها شتێک داوای لێنەکردووم.”

وەک لە ڕۆژنامەی ڕۆیتەرزیشدا هاتووە، سەرچاوەکانی دادوەریی ئەوەیان بە ڕۆژنامەکە گوتووە، دوو هاریکاری ئەوکاتی سارکۆزی ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، ئەوانیش کلاودێ جینتی سکرتێری گشتی کۆشکی ئیلیزێ و هەروەها سۆفی دیۆن ڕاوێژکاری وەرزشیی سارکۆزی. سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە ڕاوێژکارەکە لەگەڵ پلاتینیدا دەستبەسەرە.

ماڵپەڕی یۆرۆنیوزیش نووسیویەتی بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی فەڕەنسا، هەر تۆمەتبارێک دەشێ تا 48 کاتژمێر لەژێر لێکۆڵینەوەدا بهڵێدرێتەوە.

پلاتینی لەوەتەی ساڵی 2007 سەرۆکی یوفا بووە، ساڵی 2015 بە تۆمەتی گەندەڵیی و وەرگرتنی پارە لە فیفا، سزار سڕکردنی بۆ چوار ساڵ بە سەردا سەپێندرا.

بڕیاری پێدانی میوانداریی بە قەتەڕ کە لە دیسەمبەری 2010 پێی درا، تا بە ئێستاش جێگەی ناڕەزایەتییەکی زۆرە لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە کەمیی هاندەری ناوخۆیی وڵاتەکە بۆ یارییەکان، کەشوهەوای زۆر گەرمی وڵاتەکە لە وەرزی هاویندا، نزمی ئاستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی قەتەڕ.

Back to top button