
یاریگا–
هەموو ساڵک کۆتایی مانگی شەش وەکو کۆتایی ساڵی دارایی یانەکانی دیاری کراوە و لەم بەروارەوە یانەکان دەتوانن بە فەرمی یاریزانی نوێ بگوازنەوە و یاریزانەکانی کە گرێبەستیان هەیە کۆتاییان پێدێت و جارێکی دیکە داهاتووی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.
ماڵپەری جیهانی ترانسفێر مارکێت ناوی بەشێک لە یاریزانە دیارەکانی یانەکانی ئەوروپای بڵآوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ 30-6-2021 گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت، دیارترین یاریزانیش لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیایە. ئەو یاریزانە هەرچەندە بەڵێنی داوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەم ئەمڕۆ بە دواوە یانەکان بۆیان هەیە بەفەرمی لەگەڵ ئەو یاریزانە گفتوگۆکانیان دەست پێ بکەن.
بێجگە لە گۆڵکارە مێژووییەکەی بارسا، چەند یاریزانێکی دیکەش هەن کە ئەمڕۆ گرێبەستەکەیان بەسەر دەچێت، لەوانەش سێرخیۆ رامۆس بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید، بەڵام ئەو یاریزانە ماوەیەک لەمەوبەر داهاتووی خۆی یەکلایی کردەوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی هەڵوەشاندەوە، هەروەها جیۆرجۆ کیلینی بەرگریکاری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیاش یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەیە کە گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
فرانک ریبێری یاریزانی فەرەنسی یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵیاش ئەمڕۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا ئەویش داهاتووی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە. جیانلویجی دونارۆما گۆڵپارێزی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵیا، ئەمیشیان ئەمڕۆ کۆتایی بە گرێبەستەکەی دێت و دەنگۆیەکی بەهێزیش هەیە بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنساوە دەکات.