یاریگا–
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتگیری خۆی بۆ رۆناڵد کومان راهێنەری هۆڵەندی یانەکەی راگەیاند.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکەکەی بلاوگرانا لەبارەی داهاتووی راهێنەرە هۆڵەندیەکەی یانەکەی گووتی ” ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ راهێنەرەکەمان هەیە و دەمانەوێت رێز لەم گرێبەستە بگرین، لە ماوەی رابردوو دەنگۆی ئەوەم بیستووە کە دەمانەوێت چاڤی وەکو راهێنەری یانەکەمان دەست نیشان بکەین، بەڵام ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و دەمانەوێت رێز لە گرێبەستی راهێنەرەکەمان بگرین ”.
لاپۆرتا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گووتی ” لە ماوەی رابردوو گفتوگۆمان لەگەڵ کومان کردووە، هەفتەی داهاتووش جارێکی دیکە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین و داهاتووشی یەکلایی دەکەینەوە و ئاگاداریشم کردووەتەوە کە پێویست ناکات نیگەرانی داهاتووی بێت ”. سەرۆکەکەی بلاوگرانا سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەشی گووتی ” لەگەڵ ئەویش گفتوگۆمان کردووە و لیۆ یانەکەی خۆش دەوێت ”.