ئه‌وروپائینگلتەرا

بردنەوە گرنگە.. بەڵام چۆن؟

یاریگا- 

تۆتنهام بە دوو هێرشی پێچەوانە ٢ گۆڵیکرد و مان سیتی تەواوی ٩٠ خولەل هەموو شتێکیرد بەڵام دۆڕا، ئەوە سیناریۆی یاری تۆتنهام و مان سیتی بوو لە مانگی ١١ دا، ئەوکات دیسانەوە ئەو قسەیە هاتەوە پێشەوە کە بەس ئەنجام گرنگە، گۆڵێک بکەو بیبەرەوە! وەکو ئێستا دەبینن بەرێزان ئەوەی بەس ئەنجامی لاگرنگ بوو لەماڵەوەیەو ئەوە پلان و شێوازی یاریکردنی هەبوو بۆ سێ نازناو دەجەنگێت.

بەبێ ئەوەی دیسانەوە بچین بەلای لایەنگری و دژایەتی هیچ راهێنەرێکدا دەبێت تۆی بینەری تۆپی پێ ئەوە بزانیت، هەموو شێوازێکی یاریکردن رێگە پێدراوە، بەڵام یانە بەهێزەکان زیاتر شێوازی یاریکردنێکی هێرشبەری و خێراو چونەپێشەوەیان دەوێت، دەیانەوێت یاریەکەیان سەرنجراکێشبێت بۆ بینەران.

بەرگری و هێرشی پێچەوانە زیاتر پلانێکە یانە بچوکەکان بەکاری دێنن، یان یانە بەهێزەکان بەناچاری و بۆ ماوەیەکی یاری پێدەکەن، یان لە چامپیۆنس لیگدا بۆ نمونە تیپێک گۆڵ لە پێشەوەیەو دەیەوێت پارێزگاری لە ئەنجامەکەی بکات.

وا تێنەگەن کە بەرگری عەیبەیە، بەڵکو زۆر پێویستە، تیپی بەهێز دەبێت هەموو شێوازەکان و پلانەکانی یاریکردنیان هەبێت، بەڵام ناکرێت تیپێک تەنها بەشێوازی بەرگری و هێرشی پێچەوانە یاری بکات، دەکرێ وێست برۆمیچ یان ئیبار تەنها بەو شێوازە یاری بکەن، بەڵام ناکرێت تۆتنهام تەنها ئەو شێوازەی هەبێت، تیپێ بەهێز دەبێت هێندەی ناو و ناوبانگی خۆی یاری بکات، بیهێننە پێش چاوی خۆت بایرن میونخ قەت وا یاری دەکات؟ سەیری تیپە بەهێزەکانی خولەکان بکە، یاریەکی سەرنج راکێش پێشەکەش دەکەن، هەرچەندە لەکاتی پێویست و ناچاریشدا دەگەڕێنەوە بەرگی بەزۆرترین ژمارە، بەڵام نەک هەموو وەرزەکە وا یاری بکەن.

پلان و شێوازی یاریکردن بەردەوامیت پێ دەبەخشێت، کاتێک سەرۆک یانەیەک دەبینێت تیپەکەی یاریەکی جوان پێشەکەش دەکات و بەباشیش ماوەتەوە، مانای وایە گەرەنتی سەرکەوتنی هەیە، سەرکەوتنە کاتیەکانی سەرەتای ئەم وەرزەی مۆرینیۆ چونکە پشت ئەستور نەبوو بە پلانێکی باش کاتی بوون، بەڵام سەرکەوتنەکانی گواردیۆلا و کلۆپ بەردەوامی هەبوە چونکە بناغەی هەبوە.

راستە تێدەگەم دەڵێن گواردیۆلا پارەی زۆر خەرجکردوە، «تۆئەگەر دەتەوێت لەناو مارسیدسی ئێس کلاسدا دانیشیت دەبێت پارەی زیاتر بەیت»، گواردیۆلا خۆی دەڵێت ئەم شێوازەی پێویستی بە یاریزانی زۆر کوالیتی بەرزو باشە و ئەوانیش گرانن، یان دەبێت ئەکادیمیایەکی زۆر باشت هەبێت وەکو لاماسیا.

رۆژی یەک شەممە مان سیتی و تۆتنهام لە یاری کۆتایی لیگ کەپ (کارەباو کەپ) بەیەک دەگەن، گواردیۆلا لیگی یەکلایی کردۆتەوەو هیوای بۆ ٢ نازناوی تر ماوە، تۆتنهام کە لەگەڵ مۆرینیۆ گەیشتە کۆتایی، هەفتەیەک پێش یاریەکە مۆرینیۆیان دورخستەوە، تۆتنهام دواین جار کە نازناویان بردوە ٢٠٠٨ بوو، خوان دێ رامۆس لیگ کەپی بۆ بردنەوە، دەکرا مۆرینیۆ بمایەتەوەو ئەم جامەی بۆ ببردنایتەوە، بەڵام تەنها نازناوێکی بچوک هیچ لە باردۆخی تیپەکە ناگۆڕێت.

دانیال لیڤی بەردەوامی دەوێت، پێویستی بە گەیشتن بوو بە چوار یانەکەی یەکەم، بەڕێز مۆرینیۆ دەزانم هاندەرانی ئینتەر لەبەر رابردوت تۆیان لا گەورەیە، دەزانم هاندەرانی ریاڵ مەدرید تۆ بەباشترین راهێنەری مێژوو دەزانن (هەندێکیان)، بەڵام بۆ تۆتنهام ئێستا گرنگە، سەرۆکی تۆتنهام دەبینێت تیپەکەی لە دەرەوەی چوار یانەکەیە، لە ئەوروپا لیگ بە خراپی دۆڕا، یاریەکی خراپ پێشەکەش دەکەن، لەوەش زیاتر دێتە بەر کەناڵەکان و رەخنە لە یاریزانەکان دەگرێت، هەموو جارێک ئەوان تاوانبار دەکەیت؟ ئەوە کەی هەقە؟

تۆتنهام بەبێ مۆرینیۆ راهێنەرێکیتر دەدۆزێتەوە، بەڵام ترس هەیە کە مۆرینیۆ وابە ئاسانی تیپێکی بەهێز لە خولە گەورەکانی ئەوروپا بدۆزێتەوە، یان دەبێت چاوەڕێی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەکەی بکات تا چۆل دەبێت.

هەر بۆ دلنیابونەوە دورخستنەوەی مۆرینیۆ هیچ پەیوەندی بە سوپەر لیگەوە نەبوو، هەموو میدیا گەورەکانی بەریتانیا ئەوەیان دوپاتکردەوە، مۆرینیۆ لەبەر یاری خراپ و ئەنجامی خراپ و مامەڵەی خراپ لەگەڵ یاریزانەکان دەرکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button