ئەرشیڤ

ئەی باسی کێ بکەین؟

یاریگا-

*چێنەر عەبدولقادر

باسی مۆرینیۆ نەکەیت چامپیۆنس لیگی بۆ پۆرتۆ بردۆتەوە..
رەخنەگرتن لە گواردیۆلا نەزانیە چونکە ئەو فەیلەسوفە..
کلۆپ باشترین راهێنەری جیهانی باسی چی ئەکەیت؟
سیمیۆنی ئەتلەتیکۆی دروستکردوە!!
زێدان سێ چامپیۆنس لیگی لەسەر یەک بردوە مەیهێنە ئەو ئاستە!!

هاندەرانی ئێمە ئەگەر لە رابردودا بە دەمارگیریەوە هانی یانەیەک یان یاریزانێکیان دابێت، لە ئێستادا بۆ راهێنەرەکانیش وان، زۆرێکیان بە پیرۆز سەیری راهێنەرەکان دەکەن نایانەوێت گوێیان لە رەخنەیەکبێت کە لەو راهێنەرانە دەگیرێت، بەمەرجێک ئەوانیش بەشێکن لەم وەرزشەو هەڵەش دەکەن و خۆشیان دانی پیادەنێن، بەڵام هاندەرەکانیان پێیوان وایە ئەگەر خۆشیان بڵێن هەڵەیەین هەر نابێت.

کاری راهێنەران جیاوازە لە یاریزانان و راستەوخۆ بەستراوە بە ئەنجامی یاری و ئاستی تیپەکەی لەگەڵ چەند خاڵێکیتر، بۆ نمونە کاتێک تۆتنهام ئاستی خراپە و چەند یاریەک دەدۆڕێنێت، کاتێک شێوازی یاریکردنەکەی زیاتر بەرگریەو بەو هۆیەوە ئەنجامەکانی خراپن، رەخنە لە مۆرینیۆ دەگیرێت، لەم کاتەدا گرنگ نیە کە ١٠ ساڵ پێشتر ٣ نازناوی بۆ ئینتەر میلان بردۆتەوە، بۆ نمونە لەو کاتەی رەخنە لە شێوازی یاریکردن و هێرشبردنی تۆتنهام دەگیرا، لە پێکهاتەکەیدا هۆیبێرگ و سیسۆکۆ لە ناوەڕاست بوون و ئیندۆمبێلێ لە پێشتر بوو لەگەل ٣ هێرشبەر، زۆربەی کات لە یاریگای خۆیان بەرگریان دەکرد، بەڵام ئێستا دەبینین ئیندۆمبێلێ لە جێی سیسۆکۆ یاری دەکات و ٤ هێرشبەر لە پێشەوەن و ئەنجامەکانی تۆتنهام باشترن، ئەبینن رەخنەکە یان کێشەکە باسی ئێستا و تۆتنهامە کە ئەنجام باش بوو یان خراپ بوو باسی هۆکارەکەی دەکەین، تۆ بۆ دەگەڕێیتەوە بۆ ٢٠٠٤ و باسی پۆرتۆ ئەکەیت؟ خۆ ژیان لای تۆ نەوەستاوە؟! هاندەری تۆتنهام کاری بە نازناوی ساڵانی رابردووی مۆرینیۆ چیە؟!

گواردیۆلا یەکێکیترە لەو راهێنەرانەی وەکو دیکتاتۆرەکان کە ناوت هێنا دەبێت پێشتر بلێیت خوا بیپارێزێت جەنابی فەیلەسوف!! بێگومان لای هەموو کەس نا لای هەندێک خەڵک.
رقت لێی بێت یان نا گواردیۆلا یەکێکە لە کاریگەرترین راهێنەرەکانی تۆپی پێ، لەو کاتەوەی چوە بەرشەلۆن کاریگەری لەسەر تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەوروپاش دروستکرد، لە روی تاکتیکیەوە زۆر زیرەکە و چەندین داهێنان و ریکۆردی هەیە، ئەم وەرزەش سیتی باشترین یاری دەکات، تا ئەتوانیت باسی دەستکەوتەکانی بکەیت کەمە، بەڵام کە دەوترێت لە چەند ساڵی رابردودا لە سیتی یان پێشتر لە بایرن هەڵەی گەورەی کردوە لە چامپیۆنس لیگدا، یان کە دەوترێن پارە زۆر خەرجدەکات پێویست ناکات هاندەرانی گواردیۆلا توڕەبن، چونکە کە توڕەبن پارەکە کەم ناکاتەوە، یان کە دەڵێن هەل نادات بە یاریزانی لاو و هەر یاریزانی حازر دەکڕێت، ئەوە گفتوگۆی ناوێت، بەس فۆدین لە ٥ ساڵدا سەرکەتوە بۆتیپی یەکەم لە سیتی، کەسێک خاڵێکی وەکو رەخنە لەسەر پێپ باسکرد، وامەزانە دوژمنایەتی کۆنی لەگەڵ ماڵی باپیری بواردیۆلا هەیە.

بەهەمان شێوە هەموو لایەک سەرسامبوین بە سەرکەوتنی لیڤەرپوڵ و بۆندە زۆر باشەکانی کلۆپ لە رابردودا، کێ هەیە سەرسام نەبوبێت بە چونە پێشەوەی ئەلیکسەندەر ئارنۆڵد رۆبتسۆن، سەڵاح و مانێ و فێرمینیۆ سیانەیەکی نایابیان دروستکردبوو، لە هەر لایەکەوە سەیری تیپەکەت دەکرد نمونەبوون، بەڵام ناکرێ ئێستاش بە شان و باڵی کلۆپدا هەڵبدەین کە تیپەکەی ریکۆردی خراپی لە یاریگای خۆی تۆمارکردوە، منیش دەزانم پێکانی هێڵێ بەرگری و هەندێکیتر کە یاریزانەکان کێشەی بۆ دروستکردوە، بەڵام بەو بارودۆخەشەوە نابێت بە بێرنلی و برایتۆن بدۆڕێت لە یاریگای خۆی، ڤان دایک و گۆمێز پێکانیان هەیە و بەڵام لە هەموو ٢٠٢١ دا لە یاریگای خۆی گۆڵێکایان بە یاری نەکردوە، تەنها لێدانێکی سزا نەبێت، لەبەر ئەوە لیڤەرپوڵ کێشەی هەیەو کلۆپ چەند زیرەکبێت تا ئێستا بۆی چارەسەر نەکردوە.

بۆنمونە کاتێک لەدوای دۆڕاندنی ئەتلەتیکۆ بە چێڵسی رەخنە لە شێوازی یاریکردنی سیمیۆنی گیرا، هەندێک پێیان وابوو کە نابێت رەخنە لە سیمیۆنی بگیرێت چونکە خۆی ئەو تیپەی دروستکردوە!! ئەوە ئاشکرایە کە سیمیۆنی کاری باشی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ کردوە، بەڵام لە ئێستادا بە کۆمەڵێک یاریزانی سوپەرەوە لە ئەتلەتیکۆ توانای زۆر زیاترە لەوەی ٩٠ خولەک بەس بەرگری بکات لە زۆر یاریدا.

راهێنەرەکان هەڵە دەکەن! پلانی هەڵە دادەنێن، گرێ بەستی هەڵە دەکەن، ئەوانیش وەکو یاریزانان بڕیاری هەڵە دەدەن، بۆیە تۆی بینەر و هاندەری تۆپی پێ، پێتوانەبێت ئەو راهێنەرەی تۆ خۆشت دەوێت، دورە لە هەڵەوە، نابێت رەخنە لە بڕیارەکانی بگیرێت، کاتێکیش هەستتکرد رەخنەکە لەجێگەی خۆیدا نیە، یەکسەر بە قسەی ناشرین و توڕەبون وەڵام مەدەوە، گفتوگۆ لەبارەی بۆچونەکەوە بکە و وەڵامی پێویست بدەرەوە نەک خۆدزینەوە لە گفتوگۆکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button