ئیتاڵیا

پیرلۆ پاساوی خۆی پێیە بۆ شکستەکەیان

ئەندریە پیرلۆ باسی هۆکارەکانی شکستەکەیان دەکات بەرامبەر پۆرتۆ لە یارییەکەی شەوی رابردوو بەرامبەر پۆرتۆ.

یوڤێنتۆس بە ئاستێکی لاوازەوە دەرکەوت لەو یارییەی ١-٢ لە خاکی پۆرتۆ تووشی دۆڕان هاتن. پیرلۆ دوای یارییەکە وتی “کاتێک لە خولەکی یەک گۆڵێکت بەو جۆرە سەیرە لێ تۆماردەکرێت ئاساییە یاریزانەکان متمانەیان بەخۆیان نەمێنێت بە تایبەت بەرامبەر یانەیەک کە دەزانێت چۆن بەرگرییەکی بەهێز بکات. ئەوان راستەوخۆ یارییەکەیان خستە سەر ئەو رێچکەیەی کە خۆیان دەیانویست، خشتەی یارییەکانمان زۆر فشاری خستووینەتە سەر و ئاساییە هەموو یارییەک ئاستمان باش نەبێت، هەرچەند نەدەبوو لە قۆناغی ١٦ی خولی پاڵەوانەکان رووبدات”.

پیرلۆ دواتر وتی “ماتیاد دی لیخت تازە ئازاری پێگەیشتبوو، کلینی کێشەی پوزی هەیە و مۆراتاش بەر لە یارییەکە لە بارێکی باشدا نەبوو، دوای یارییەکەش ئازاری هەبوو، مۆراتا لەوکاتەوەی تووشی هەڵامەت هاتووە نەگەڕاوەتەوە باری ئاسایی، بۆیە یاری کرد چونکە پێویستمان پێی بوو، دواتر لە ژووری خۆگۆڕین زۆر نەمابوو لە هۆش خۆی بچێت”.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button