ئیتاڵیا

بازاڕی گواستنەوەی خولی ئیتاڵی کرایەوە

یاریگا-ئەمڕۆ دەرگای بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئیتاڵی کرایەوە.

یانەی ئەتەلەنتا بوو بە یەکەم یانە بەفەرمی گرێبەست واژۆبکات و خواکیم مەیلی لە گینکی بەلجیکی گواستەوە بەرامبەر بە ١٠ ملیۆن یۆرۆ.

بەگوێرەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، یوڤێنتۆس دەیەوێت هێرشبەرێکی یەدەگ بکڕیت بۆ هاوکاریکردنی ئەلڤارۆ مۆراتا، ئینتەریش  تا یاریزان نەفرۆشێت ناتوانێت یاریزانی نوێ بگوازێتەوە، هەرچەند ناینگۆڵانیش گرێبەستە خواستنەکەی لەگەڵ کالیاری نوێکردووەتەوە و ئەگەری ئەوە زۆرە کریستیان ئێریکسن بچێتە پاریس.

ئەیسی میلان پێویستی بە بەرگریکارێک و هێرشبەرێکە بەڵام هیچ ناوێک کاندیدی نزیک نیە لە ئێستادا.

رۆما بەنیازە شەش یاریزان بفرۆشێت و هێرشبەرێک بکڕێت، گەڕانەوەی ستیفان شەعراوی بەهێزترین بژاردەی گورگەکانی پایتەختە.

هەرچی ناپۆلییە، دەیەوێت ئەرکادیوز میلیک بفرۆشێت و نرخەکەی  لە نێوان ١٥-١٨ ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە، لە باری فرۆشتنیدا ئەگەری ئەوە هەیە یاریزانێکی دیکە بکڕن. مارسیلیا لە ئێستادا دیارترین خوازیاری هێرشبەرە پۆڵەندییەکەیە.

بازاڕی گواستنەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتا کاتژمێری مانگی یەک و لە ١-٢ دا دەخرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button