ئیسپانیا

كومان: ئامادەنەبوونی میسی كاریگەری دەبێت لەسەرمان

‎یاریگا- ڕونالد كومانی هۆڵەندی و ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دووپاتیكردەوە یاریەكەیان بەرامبەر ئیبار سەخت دەبێت بۆیان.

‎بڕیارە سبەینێ لە یاریگای كامپ نۆو بارسێلۆنا میوانداری ئیبار بكات لە میانەی یاریەكانی گەڕی 16ی خولی ئیسپانی.

لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پێش یاریەكەیان كومان ووتی: یاریەكی سەختمان لەپێشە بەرامبەر ئیبار ، یانەیەكی بەهێزن و لەتوانایاندایە بە درێژایی یاریەكە فشار درووست بكەن، بۆیە دەبێت لە سەرەتایی یاریەوە گۆڵ تۆمار بكەین و لە بارودۆخێكی باشدا بین.

سەبارەت بە میسی ووتی: لیۆ هەستی بە ئازار كرد لە قاچی ڕاستیدا و بەهۆیەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە مەشق و ڕاهێنانەكان و پزیشكەكان پێیان ڕاگەیاندین هەفتەیەك بەسە تا بە تەندروستیەكی باشەوە بگەڕێتەوە.

هەروەها ڕاهێنەرە هۆڵەندیەكە ووتیشی: ئامادەنەبوونی میسی هەمیشە دۆڕانێكی گەورەیە بۆمان، هیوادارم ئەو یاریزانانەی لە شوێنی ئەو یاری دەكەن بتوانن كاریگەری خۆیان لەسەر یاریەكە هەبێت.

سەبارەت بە چاوپێكەوتنەكەی میسی ووتی: ڕاستەوخۆ چاوپێكەوتنەكەم نەبینی بەڵام ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەكان خوێندمەوە ، پێم خۆشە كە ووتی لە كۆتایی وەرزدا بڕیار لەسەر داهاتووی دەدات،ناتوانم كاریگەریم لەسەر بڕیارەكانی هەبێت وچاوەڕوان دەبین بزانین چی ڕوودەدات.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button