یاریگا

یاریزانێکی ئیڤەرتۆن: ئەنچلۆتی پێی گوتم باڵۆن دۆریش دەبەیتەوە

یاریگا- ڕیچاریسۆن دی ئادراید، یاریزانی یانەی ئیڤەرتۆن باس لەو هاندان و پاڵپشتیانه دەکات کارلۆ ئەنچلۆتی دەیداتێ.

هێرشبەرە بەڕازیلیەکە کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گلۆبۆ سپۆرت دەڵێ: “ئەو هاندانانەیە یاریزان دروست دەکات. من لەگەڵ هاتنی ئەنچلۆتیدا تەنها لە بەرەوپێشچووندام. کێ دەزانێ، ڕەنگە ڕۆژێک ببمە گۆڵکار و وەک پیشەگەرێک زیاتریش پەرەبسێنم. ئەنجامی ئەوە ئەوەیە کە زۆر شت فێر بووم. ئێستا لەگەڵ ئەوێک کە هەموو شتێکی بردۆتەوە، بەردەوام چیرۆکگەلێکم بۆ باس دەکات. ڕاستم دەکاتەوە، ڕێنمویم دەکات. خودی خۆی جارێک پێی گوتم کە من یەکێکم لەو باشترین 10 هێرشبەرەی لە ژیانیدا ڕاهێنەرایەتی کردوون. ئەوە شانازییەکە بۆ من و زۆریش هانی دام. بۆیە منیش دەمەوێ زیاتر پێشبکەوم. زووش پێی وتم کە باڵۆن دۆر دەبەمەوە و چەند نازناوێکیش بەدەست دەهێنم.”

بۆ زانین، لەو کاتەوەی لە هاوینی ساڵی 2018 هێرشبەرە تەمەن 23 ساڵییەکە لە واتفۆردەوە ڕووی کردۆتە ئیڤەرتۆن، بلووز هیچ یارییەکی نەبردۆتەوە کە “ڕیچا” یاری نەکردبێ، بەم چەند هەفتەیەی کۆتاییشەوە کە بەهۆی ڕاگرتنەوە لە تیمەکەی کارلۆ ئەنچلۆتی دابڕا.

بابەتی زیاتر

Back to top button