سکای سپۆرت: ناوبژیوانەکەی ئەمشەو لە بەرژەوەندی مێسی و ئەرژەنتینە

ئیسماعیل ئەلفەتح لەلایەن فیفاوە دیاریکراوە بۆ ناوبژیوانیکردنی یارییەکەی ئەمشەوی ئینگلتەرا و ئەرژەنتین و ئەو ناوبژیوانە بە باشی لیۆنێل مێسی دەناسێت.
ئیسماعیل بە رەچەڵەک مەغریبییە بەڵام خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکییە و ئەمشەو وەک ناوبژیوانێکی ئەمریکی پێدەنێتە نێو یاریگا.
جێرانت هیوس لە سکای سپۆرت، تیشکی خستووەتە سەر بابەتێک کە بە تەنزەوە دەڵێت رەنگە تەنها هەڵکەوت بێت. بەڵام لە کاتێکدا ئەم ناوبژیوانە هەڵبژێردراوە ، ناوبراو لە یاری کۆتایی مۆندیالی پێشوودا، ناوبژیوانی چوارەم بوو ئەو کاتەی مێسی و هاوڕێکانی بوونە پاڵەوان.
هەروەها ناوبژیوانی خولی ئەمرییکیە و لە چەندین یاری ئینتەر مەیامی دا ناوبژیوان بووە، لە نێویاندا یاری بردنەوەی جام لەلایەن مێسی و ئینتەر مەیامی کە یەکەم ناسناوی مێسی بوو لەگەڵ ئەو یانەیەدا. واتە لە دوو یاریدا کە ئەوی تێدا بووە مێسی جامێکی بەرزکردووەتەوە.
هیوس پێی وایە بەهۆی ئەوەی ناوبراو لە خولی ئەمریکی کار دەکات و مێسیش خاوەنی ناوبانگ و کاریگەرییەکی زۆرە لەو وڵاتەدا، دەکرێت ئەمە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی مێسی.
ئەم بابەتە رۆژنامە ئینگلیزییەکانی توڕە کردووە و بەمجۆرە کاردانەوەی خۆیان نیشاندا بۆ هەواڵەکە:
دەیلی مەیل: لیۆنێل مێسی ناوبژیوانە دڵخوازەکەی خۆی بەنسیب بوو
سەن : فیفا ئەو ناوبژیوانەی دەستنیشانکرد کە بینەری گەورەترین ساتی سەروەریی مێسی بوو
میرۆر: ناوبژیوان دیاریکرا. ئەرژەنتین بە ئارەزووەکەیان گەشتن.
ئەمشەو کاتژمێر 10 بە کاتی هەولێر، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و ئینگلتەرا رووبەرووی یەکدەبنەوە بۆ بەدەستهێنانیی بلیتی دووهەمی یاری کۆتایی جامی جیهانی.



