
یاریگا –
یانەی نەورۆز بە مەبەستی رێکخستنەوەی ریزەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەنگاوە کردەییەکانی دەستپێکردووە و خەریکی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی یاریزانانی وەرزی رابردوو و گواستنەوەی چەند ناوێکی نوێیە.
ئیبراهیم غازی؛ یەکەم هەنگاوی نوێ
بەپێی زانیارییەکانی یاریگا، یانەی نەورۆز لەگەڵ یاریزان ئیبراهیم غازی گەیشتووەتە رێککەوتن و یاریزانهكه واژۆی لهسهر گرێبهستهكهی كردووه، بڕیارە وەرزی داهاتوو ئەم یاریزانە درێسی یانە نوێنەرەکەی سلێمانی بپۆشێت و ببێتە یەکێک لە پارچە گرنگەکانی پێکهاتەی تیپەکە.
پاراستنی ئەستێرەکان؛ محەمەد رەزا دەمێنێتەوە
لە چوارچێوەی هێشتنەوەی یاریزانە کاریگەرەکانیدا، یاریگا زانیاری ئهوهی دهستكهوتووه کارگێڕی یانەی نەورۆز سەرکەوتوو بوو لە نوێکردنەوەی گرێبەستی محەمەد رەزا، ئەم یاریزانە بۆ وەرزێکی تریش لەگەڵ نەورۆز بەردەوام دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرچاوی پێشکەش کرد.
کۆبوونەوەی بەغدا؛ مەڕوان حوسێن دەمێنێتەوە یان دەڕوات؟
یەکێک لە دۆسیە هەرە گەرمەکانی یانەی نەورۆز، چارەنووسی هێرشبەر مەڕوان حوسێنـە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندێکی یانەی نەورۆز لە بەغدا لەگەڵ مەڕوان کۆببنەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە وێستگەی کۆتایی بۆ دیاریکردنی داهاتووی یاریزانەکە، کە ئایا بۆ وەرزی داهاتوو لە سلێمانی دەمێنێتەوە یان روو لە یانەیەکی تر دەکات.
دۆسیەی ئۆگنیێن مرسیچ و مەرجی ساڵی دووەم
سەبارەت بە یاریزانی پیشەگەر ئۆگنیێن مرسیچ، ناوبراو گرێبەستێکی یەک ساڵەی هەبووە کە مەرجی نوێکردنەوەی بۆ ساڵی دووەم تێدایە (بە رەزامەندی یانەی نەورۆز).
یاریگا زانیاری ئهوهی دهستكهوتووه، یانەکە هێشتا لە دانوستاندایە لەگەڵ ئەم یاریزانە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی و مانەوەی بۆ وەرزی دووەم.



