هەموو رێگاکان بەرەو پاریسن؛ ڤیتینیا یان جواو نێڤێش دەبنە سوپەرستارە نوێیەکەی پێرێز
شۆڕشی فلۆرێنتینۆ پێرێز بە هەڵتەکاندنی پاریس سان جێرمان دەستپێدەکات

یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز، بەبرژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ریال مەدرید، ئامادەکاریی بۆ گەورەترین و گرانبەهاترین گرێبەستی مێژووی یانەکە دەکات.
دوای ئەو لێدوانە ئاگرینەی کە پێرێز لە بەرنامەی ‘Horizonte’ پێشکەشی کرد و باسی لە پێشکەشکردنی گەورەترین ئۆفەری دارایی مێژووی یانەکە کرد لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئێستا باس لە چەند ناوێکی گەورە دەکرێت.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێرێز ناوی یاریزانەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی یاریزانەکە لە پرێمەرلیگ نییە و ئەستێرەکانی وەکوو ئۆلیس، دۆکو، هاڵاند و کەین نییە، ئەوەش دەرگا تەنیا بە رووی یەک شوێندا دەکاتەوە؛ یانەی پاریس سان جێرمان و دووانە ناوازەکەی پورتوگال؛ ڤیتینیا و جواو نێڤێش
💥 Florentino prepara la mayor oferta del Madrid: ¿Vitinha o Joao Neves rumbo al Bernabéu?
✍️ @emcontrerass https://t.co/LYd7FRXhdA
— MARCA (@marca) June 5, 2026
ئۆفەرە 150 ملیۆنییەکە و گۆڕانی پەیوەندییەکانی پاریس و مەدرید
پێرێز پلان دادەنێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو کە تێیدا دوای هەڵبژاردنەکان پۆستەکەی نوێ دەکاتەوە، ئۆفێکی فەرمی بە بەهای 150 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بکات. لەبەر ئەوەی لە خولی فەرەنسیدا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست نییە، پێرێز ناچارە راستەوخۆ لەگەڵ ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سان جێرمان دابنیشێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو سەرۆک دوای چەندین ساڵ لە گرژی بەهۆی پڕۆژەی سوپەرلیگ و گواستنەوەی ئێمباپێ، ئێستا ئارام بووەتەوە و گەڕاوەتەوە دۆخی جاران. بەڵام ئەمەش بەو واتایە نییە کە دانوستانەکە ئاسان دەبێت، چونکە پاریس بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەستێرەکانی نابێت.
پێرێز دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەم هێڵی ناوەڕاستی تیمی داهاتووی جۆزێ مۆرینیۆ بەهێز بکات، هەم هێرشە ریکلامییەکەی ئێنریکێ ریکێلمێی رکابەری پەکبخات کە بەڵێنی کڕینی رۆدری و هاڵاندی دابوو.

جواو نێڤێش؛ ئەندازیارە دڵخوازەکەی مۆرینیۆ
نێڤێش ئەو یاریزانەیە کە مۆرینیۆ سەرنجێکی تایبەتی لەسەریەتی. گەوهەرە پۆرتوگالییەکە کە لە ئەکادیمیای بێنفیکا گەشەی کرد، لە هاوینی 2024 بە 70 ملیۆن یۆرۆ رووی لە پاریس سان جێرمان کرد. ئاستی ئەو لەژێر دەستی لویس ئێنریکێ شۆکهێنەر بووە؛ توانیویەتی دوو نازناوی لەسەریەکی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ پاریس بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرکردەی هێڵی ناوەڕاست. ناوەڕاستکارە تەمەن 21 بەهارییەکە ئێستا یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پۆرتوگال لە مۆندیالی 2026 و ناویشی هەمیشە لە لیستی داواکارییەکانی ریال مەدریددا بووە.

ڤیتینیا؛ خەونی گەورەی هاندەرانی مێرێنگی
پڕۆفایلی ڤیتینیا رێک ئەو مۆدێلەیە کە ریال مەدرید بەدوایدا دەگەڕێت؛ بینینی بێوێنەی یاریگا، وردی لە پاسدان، و توانایەکی بەرز بۆ شکاندنی هێڵەکانی پەستانی رکابەر. سەکردە تەمەن 26 ساڵانەکەی پاریس لە ساڵی 2022 بە 40 ملیۆن یۆرۆ لە پۆرتۆوە گوازرایەوە و لەم چوار وەرزەدا گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە لووتکە. لە تەواوی راپرسییەکاندا، ڤیتینیا هەمیشە یەکەم بژاردەی دڵخوازی هاندەرانی ریال مەدرید بووە.
گرێبەستەکە ئاسان نییە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کەم یاریزان هەن لە ئاست داواکارییەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێزدا خۆیان راگرتبێت. بۆمبەکە تەقیوەتەوە و مەدرید بەدوای گالاکتیکۆیەکی نوێدا دەگەڕێت.



