
یاریگا –
رەحیم ستێرلینگ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەکانی مانچێستەر سیتی و چێڵسی، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی یاسایی بووەتەوە.
ستێرلینگ بە تۆمەتی شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان و هەڵگرتنی ماددەی قەدەغەکراو دەستگیرکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سەن، ستێرلینگ بە ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری لامبۆرگینییە، خۆی کێشاوە بە بەربەستەکانی سەر رێگایەکی خێرا لە بەریتانیا.
Huge news reaching us pic.twitter.com/vgjnjWeg9r
— The Sun Football ⚽ (@TheSunFootball) May 29, 2026
بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیس، پۆلیسی ناوچەی هامپشایەر پشتڕاستی کردەوە کە شۆفێرێکی تەمەن 31 ساڵان دەستگیرکراوە بە تۆمەتی شۆفێریکردنی مەترسیدار، شیاو نەبوون بۆ شۆفێریکردن بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە، هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەری جۆری [Class C]، هەروەها رەتکردنەوەی پێدانی نموونەی پشکنین بە پۆلیس.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە رووداوەکەدا تێوەنەگلاوە و هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە. یاریزانەکەش بە کەفالەت ئازادکراوە تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
ستێرلینگی تەمەن 31 ساڵ، کە پێشتر چوار نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەدەستهێناوە، لە پاش پەیوەندیکردنی بە چێڵسییەوە لە ساڵی 2022 ئاستی بە شێوەیەکی زۆر خێرا دابەزی. لەم وەرزەدا، دوای ئەوەی ئارسیناڵ گرێبەستە خواستنەکەی نەکردە هەمیشەیی، یاریزانەکە بێ یانە مایەوە تاوەکوو ئەوکاتەی لە مانگی شووبات بە گرێبەستێکی کورتخایەن پەیوەندی بە یانەی فاینۆردی هۆڵەندییەوە کرد
سەرچاوەیەکی نزیک لە یاریزانەکە ئاشکرای کردووە کە کۆتاییهاتنی لەناکاوی کاروانی وەرزشی ستێرلینگ لە ئاستە باڵاکاندا، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر تەندرووستی دەروونی یاریزانەکە جێهێشتووە.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستوەتەڕوو، بە بێگوێدانە ئەنجامی لێکۆڵینەوە یاساییەکان، ستێرلینگ ئێستا دەبێت بەدوای یانەیەکی نوێدا بگەڕێت. پێشبینی دەکرێت لە هەر یانەیەکیش گرێبەست بکات، مووچەکەی بەگوێرەی ئاست و بەشدارییکردنی بۆ دیاریبکرێت، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ یاریزانێک کە سەردەمانێک یەکێک بوو لە خاوەن بەرزترین مووچەکانی پرێمەرلیگ کە هەفتانە 300 هەزار پاوەندی وەردەگرت.



