ئیسپانیاگرنگترین

کۆتایی گۆڵکارە پۆڵەندییەکە لە بارسێلۆنا؟ لیڤاندۆڤسکی دەرگا بۆ جێهێشتنی ئەوروپا دەکاتەوە

"تازە زانیوومە تەنیا 51 رۆژم لە گرێبەستەکەم ماوە"

Yariga App

یاریگا –

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، گۆڵکاری پۆڵەندی و ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، لە لێدوانێکی نوێدا پەردەی لەسەر داهاتووی لادا و ئاماژەی بەوە کرد کە خەریکە دەگاتە وێستگەیەکی جیاواز لە ژیانی وەرزشیدا.

لێدوانەکانی لیڤا لە کاتێکدایە کە یانەکە ئاهەنگی نازناوی لالیگا دەگێڕێت، بەڵام پرسی مانەوە یان رۆیشتنی ئەو بووەتە جێی باسی میدیاکان. لیڤاندۆڤسکی کە تەمەنی بەرەو 38 ساڵی دەچێت، دووپاتی کردەوە کە هێشتا توانای پێشکەشکردنی ئاستی بەرزی ماوە.

تەمەنم خەریکە دەبێتە 38 ساڵ، بەڵام لە رووی جەستەییەوە هەست بە باشی دەکەم، بۆیە بیر لە بەردەوامبوون دەکەمەوە، تەنانەت ئەگەر بژاردەکە لە خولێکی ئاست نزمتردا بێت.

ئەم قسانە ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی رەنگە هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بیر لە خولەکانی دەرەوەی ئەوروپا بکاتەوە.

کاتی چێژبینین لە ژیان

ئەستێرە پۆڵەندییەکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تۆپی پێ هەموو شتێک نییە.

دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرم کە رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت تەنیا یاریی بکەم و چێژ لە ژیان وەربگرم. رەنگە ئەو دەرفەتە بێتە پێش و منیش رەتیناکەمەوە.

ئەم لێدوانە گومان لای هاندەران دروست دەکات کە ئایا وەرزی داهاتوو لیڤا لە ململانێ توندەکانی ئەوروپا دەمێنێتەوە یان دەچێتە خولێک کە فشاری کەمتری لەسەر بێت.

ژمارەی پێچەوانە دەستیپێکردووە

لیڤاندۆڤسکی بە وردی چاودێری دۆخی یاسایی خۆی دەکات و ئاشکرای کرد؛

تازە زانیم کە تەنیا 51 رۆژ لە گرێبەستەکەم ماوە، بۆیە هێشتا کاتم لەبەردەستە بۆ بڕیاردان.

جەختیشی کردەوە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا گوێ لە چەند پێشنیازێکی جیاواز دەگرێت پێش ئەوەی واژۆ لەسەر وێستگەی کۆتایی کاروانە وەرزشییەکەی بکات.

دڵخۆشی لە بارسێلۆنا

سەرەڕای هەموو ئەگەرەکان، لیڤا سوپاسگوزاری خۆی بۆ دۆخی ئێستای دەربڕی و گوتی؛

من قەدری ئەو شوێنە دەزانم کە ئێستا لێیەم و چێژی لێ دەبینم.

ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان ئەو و یانە کاتالوونییەکە لەوپەڕی باشیدایە، تەنانەت ئەگەر ئەمە وەرزی کۆتاییشی بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button