لە قەیرانەوە بۆ کلاسیکۆ؛ کێ دەبێتە رزگارکەری ئەمشەوی ریال مەدرید؟
کۆرتوا، چوامێنی و ئێمباپێ؛ سێگۆشەی هیواکانی مێرێنگی

یاریگا –
پاڵپشتێک، لێخۆشبوویەک… لەگەڵ یەکێک کە بەدوای لێبووردەییدا دەگەڕێت؛ رەنگە ئەمە ناونیشانی فیلمێکی کلاسیکی بێت وەکوو [باشەکە، خراپەکە و ناشیرنەکە]، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر ورد وەسفی ئەو بارودۆخە دەکات کە ریال مەدرید تێیدایە پێش گەشتەکەی بۆ بارسێلۆنا بۆ دوایین کلاسیکۆی وەرز.
یارییەک کە رەنگە بە دیمەنێک کۆتایی بێت کە پێشتر نەبینراوە؛ بارسێلۆنا لە رێگەی بردنەوە لە رکابەرە مێژووییەکەی، ئاهەنگی مسۆگەرکردنی نازناوی خولەکە بگێڕێت.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، تیمەکەی ئاربێلوا لە کاتێکدا دەگاتە کامپ نۆە کە بە یەکێک لە هەستیارترین هەفتەکانی مێژووی نوێی یانەکەدا تێدەپەڕێت. ژووری جلگۆڕین پڕ لە کێشەیە، هاندەران گەیشتوونەتە لێواری تەقینەوە و یاریگای بێرنابیۆش ئامادەیە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی. مەدرید بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی پێویستی بە بردنەوەیە، بۆ ئەمەش ناوی سێ یاریزان بە هێڵی سوور دیاریکراون.

ئەو دەنگەی کە ون بووبوو [کورتوا – پاڵپشتەکە]
یەکەمیان تیبو کورتوایە؛ کە رەنگە ئێستا گرنگترین پاڵپشتی تیمەکە بێت. گەڕانەوەی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە نەک تەنیا ئارامی دەبەخشێتە گۆڵەکە، بەڵکوو یەکێک لە گرنگترین و رێزلێگیراوترین دەنگەکانی ژووری جلگۆڕین دەگەڕێنێتەوە. کۆرتوا ئەرکی راگرتنی تیمێکی پڕ لە گومانی لەسەر شانە بۆ ئەوەی قەیرانەکە قووڵتر نەبێتەوە. بردنەوە هەموو شتێک چارەسەر ناکات، بەڵام هەناسەیەک بە تیمەکە دەبەخشێت.
چوامێنی؛ یاریزانە لێخۆشبووەکە
ناوی دووەم هی لێخۆشبووەکەیە؛ ئۆرێلیەن چوامێنی. یاریزانە فەرەنسییەکە رووبەڕووی سزایەکی قورسی دارایی دەبێتەوە بەهۆی ئاژاوەکانی ئەم دواییەی نێو تیمەکە، بەڵام لە سزای وەرزشی رزگاری بووە و بۆ کلاسیکۆ ئامادە دەبێت.
ئاربێلوا رایگەیاند؛
ئەم یاریزانانە شایەنی ئەوەن لاپەڕەیەکی نوێیان بۆ هەڵبدەینەوە، سبەی چوامینی لە لیستەکەدا دەبێت.
ئەوەی کە ئامادەنابێت ڤالڤێردییە، کە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەکەوە بۆ ماوەی 10تا 14 رۆژ دووردەکەوێتەوە.
قەرزەکەی ئێمباپێ [ئەوەی بەدوای لێبووردەییدا دەگەڕێت]
سەرنجی سێیەم بە تەواوی دەچێتە سەر کیلیان ئێمباپێ. هێرشبەرە فەرەنسییەکە هێشتا هەوڵدەدات ئەو متمانەیە بگەڕێنێتەوە کە لەلای هاندەرانی مەدرید لەدەستیداوە. گەشتەکەی بۆ ئیتاڵیا لە کاتی پشووی تیمەکە لە ناوەڕاستی قەیرانەکەدا، هەروەها گەیشتنی تەنیا 10 خولەک پێش یارییەکەی ئیسپانیۆل، بێزارییەکی گەورەی لای هاندەران دروستکرد.
ئێستا بەشداریکردنی لە کلاسیکۆ وەکوو مەتەڵێکی لێهاتووە. ئێمباپێ تەنیا بەشێکی کۆتا راهێنانی پێش گەشتەکەی بارسێلۆنای کردووە، هەرچەندە پێشبینیدەکرێت لە لیستەکەدا بێت، بەڵام بوونی لە پێکهاتەی سەرەکیدا قورس دیارە. هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە گەشت دەکات و لەسەر کورسی یەدەک چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات، دەرفەتێک بۆ ئەوەی دەستبکات بە بەدەستهێنانەوەی لێبووردەیی هاندەرانی ریال مەدرید.



