
یاریگا –
یاریگای مێترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید، بووە شانۆی دەرکەوتنێکی تەواو جیاواز و چاوەڕواننەکراوی دانی ئالڤێس، یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا.
ئەمجارە ئالڤێس بە درێسی وەرزشییەوە نەبینرا، بەڵکوو وەکوو یەکێک لە وتاربێژە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەیەکی گەورەی مەسیحییەکان بە ناوی ‘The Change Madrid 2026’ لەبەردەم زیاتر لە 35 هەزار کەسدا دەرکەوت.
هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم ئەستێرە بەڕازیلییەکە ئەم دیوەی خۆی پێشان دەدات. پێشتریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بینراوە کە ئامۆژگاری و گوتار دەدات، بەڵام هەرگیز لەبەردەم ئەم ژمارە زۆرەی خەڵکدا ئەوەی نەکردبوو.
دوای ئەوەی لە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بێبەری کرا و کۆتایی بە زیندانیکردنەکەی هات کە 14 مانگی خایاند، ئالڤێس گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر ژیانیدا هێناوە و رووی لە ئایین کردووە. لە وتارەکەیدا بۆ ئامادەبووان، ئەستێرە بەڕازیلییەکە بە شێوازێکی خوازراو باسی لە رابردووی خۆی کرد و گوتی؛
دەزانم کە ئاگادارن من دەستبەسەر کرابووم، بەڵام بە وردی 40 ساڵ زیندانی بووم.
ئەمەش وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەو تەمەنەی کە پێش گەڕانەوەی بۆ لای ئایین بەسەریبردبوو، جەختیشی لەوە کردەوە کە “مەسیح لەناو زینداندا ئازادی کردم.”
View this post on Instagram
ئالڤێس، کە سەردەمانێک لە لووتکەی تۆپی پێی جیهاندا بوو، پەیامێکی روونی هەبوو سەبارەت بە ناوبانگ و رابردووی وەرزشیی خۆی؛
کاتێک مەسیعت لەگەڵدایە دەبیتە کەسێکی نوێ و شتە کۆنەکان تێدەپەڕن. دەزانم بوون لەناو تۆپی پێدا چۆنە، من لەبەردەم 80 هەزار کەسدا یاریم کردووە؛ ئەوە بەلای منەوە جێگەی سەرسامی نییە.
هەموو شتێکم لەدەستدا، بەڵام مەسیعم دۆزییەوە
لە کۆتایی وتارە ئایینییەکەیدا، بەرگریکارە مێژووییەکەی بارسێلۆنا بانگەشەی ژیانێکی نوێی کرد و گوتی؛
من هەموو شتێکم لەدەستدا، بەڵام لە لەدەستدانی هەموو شتێکدا، پاشای پاشاکانم دۆزییەوە. هێشتا هەر شێتم، بەڵام ئەمجارە بۆ خودا. هەندێک دەڵێن ‘ژیان کورتە و دەبێت بیژین’، بەڵێ وایە، بەڵام دۆزەخ هەمیشەییە و دەبێت خۆمانی لێ بپارێزین.


