دوایین زانیاری؛ چارەنووسی ئێدی هاو لەگەڵ نیوکاسڵ یەکلایی دەکرێتەوە
بڕیاری کۆتایی دراوە

یاریگا –
ئێدی هاو وەکوو راهێنەری سەرەکی نیوکاسڵ یونایتد دەمێنێتەوە بۆ وەرزی داهاتووش و مەگەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو روو بدات، ئەگەرنا ئەم راهێنەرە تەمەن 48 ساڵە کە پشتگیریی تەواوی خاوەندارییەتی و کارگێڕی یانەکەی هەیە، بۆ وەرزی 2026-2027 رابەرایەتی نیوکاسڵ دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ساڵانە لەم هەفتەیەدا هات کە تێیدا شاندێکی باڵای سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە وەکوو خاوەنی زۆرینەی پشکی یانەکە بەشدارییان تێدا کرد. سەرەڕای ئەوەی هەموو لایەنەکان دانیان بەوە داناوە کە ئاستی ئەم وەرزە وەکوو پێویست نەبووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت دانوستانەکان بە باشی کۆتاییان هاتووە و بۆ هێشتنەوەی راهێنەرەکە لە پۆستەکەیدا گەیشتوونەتە رێککەوتن.
🚨 Eddie Howe set to remain Newcastle United boss. As things stand + barring unexpected turn of events 48yo will lead #NUFC into 26/27 – retains ownership/hierarchy support & keen to continue. All parties accept this season can’t be repeated @TheAthleticFC https://t.co/KCu67KER8n
— David Ornstein (@David_Ornstein) May 3, 2026
خاوەنەکانی نیوکاسڵ ئەنجامەکانی ئەم وەرزەیان بەراورد کردووە بەوەی کە هاو توانیویەتی لە ماوەی چوار وەرزی رابردوودا یانەکە چەندین جار بگەیەنێتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و وشکەساڵی بردنەوەی ناسناوەکانیش کۆتایی پێبهێنێت. هاو لە تشرینی دووەمی 2021 و کاتێک یانەکە لە پلەی 19ـی ریزبەندی بوو دەستبەکاربوو، دوای ئەوەی سعوودیەکان یانەکەیان کڕی. ئێدی سەرەتا توانی تیمەکە لە دابەزین رزگار بکات و پاشان لە وەرزی 2022-2023 پلەی چوارەمی پریمەرلیگ و دوو وەرز دواتریش پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، هەروەها توانی نازناوی جامی کاراباو بۆ یانەکە بباتەوە کە یەکەم نازناوی گەورەی نیوکاسڵ بوو لە دوای ساڵی 1955ـەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەم وەرزەدا ئەنجامەکان دابەزینیان بەخۆوە بینیوە و نیوکاسڵ لە پلەی 13ـی پریمەرلیگدایە، هەروەها لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بارسێلۆنا ماڵاواییان کرد. سەرکەوتنەکەی رۆژی شەممە بەرامبەر برایتن یەکەم سەرکەوتنی تیمەکە بوو لە شەش یاریی رابردوودا و کۆتایی بە زنجیرەی چوار شکستی یەک لە دوای یەک هێنا. دەیڤید هۆپکینسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نیوکاسڵ رایگەیاند کە بۆ ئێستا بیر لە گۆڕینی راهێنەر ناکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی ئازاردا بەرامبەر سەندەرلاندی رکابەریان تووشی شکست بوون.

ئامارەکان دەریدەخەن کە نیوکاسڵ لەم وەرزەدا زۆرترین خاڵی لەدەستداوە کە 25 خاڵە، کاتێک لە یارییەکاندا لە پێشەوە بووە، هیچ یانەیەکیش کەمتر لە نیوکاسڵ خاڵی بەدەست نەهێناوە، کاتێک بە ئەنجام لەدواوە بووە، بەڵام بەرپرسانی یانەکە هێشتا متمانەیان بە تواناکانی هاو هەیە.
ئێدی هاو پێشتر لە یانەی بۆرنمۆس کاروانی راهێنەرایەتی دەستی پێکرد و توانی ئەو یانەیە لە لیگ دووی ئینگلتەراوە، کە ئاستی چوارەمی تۆپی پێی ئینگلتەرایە، بگەیەنێتە پرێمەرلیگ. ئێستا نیوکاسڵ ئامادەکاریی بۆ کۆتا سێ یاری خۆی لەم وەرزەدا بەرامبەر نۆتینگهام فۆرێست، وێستهام و فولهام دەکات، بۆ ئەوەی کۆتاییەکی باش بۆ وەرزەکە تۆمار بکات.

هاو پشتگیری دەکرێت بەڵام دەبێت ئەنجامەکان باشتر بن
بەردەوامبوونی ئێدی هاو بژاردەی دڵخوازی هەموو لایەنەکان بووە، چونکە کارگێڕی یانەکە خوازیاری جێگیرییە و راهێنەرەکەش متمانەی تەواوی بە خۆی هەیە کە دەتوانێت لە هاویندا تیمەکە بنیات بنێتەوە و ئەنجامی باشتر لە وەرزی داهاتوودا تۆمار بکات. هەرچەندە کۆبوونەوەکانی ماتفێن هۆڵ تەنیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئەو نەبووە، بەڵام قسەکردن لەگەڵ خاوەنانی یانەکە زۆر گرنگ بوو بۆ هاو تاوەکوو متمانەی پێببەخشرێت و هەست بە پشتگیرییەکان بکات.
سەرەڕای ئەم پشتگیرییانە، سەرکەوتنەکەی رۆژی شەممە وەکوو هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبینرا، چونکە یاسر رومەیانی سەرۆکی یانەکە لە نێو یاریگا گوێبیستی هاواری هاندەران بوو، کە ناوی ئێدی هاویان دەگوتەوە و ئەمەش دڵنیایی زیاتری بە کارگێڕی بەخشی بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ ئەم راهێنەرە.

سەرەڕای ئەمانەش، هێشتا ئەگەری گۆڕانکاری هەیە و ئەگەر نیوکاسڵ لە سێ یاریی کۆتایی وەرزدا تووشی شکست بێت یان ئاستی یاریزانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، رەنگە کارگێڕی ناچار بێت جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا بکاتەوە.
راستییەکە ئەوەیە کە تەنیا یەک سەرکەوتن ناتوانێت هەموو نیگەرانییەکانی هاندەران بڕەوێنێتەوە و لە داهاتوودا متمانەی لایەنگرانی یانەکە بەندە بە ئەنجامەکانەوە، بەڵام ئەو سەرکەوتنە گەورانەی هاو لە چوار ساڵی رابردوودا پێشکەشی کردوون، وای کردووە هەمووان حەز بکەن دەرفەتی زیاتری پێبدرێت. وا دیارە ئەم راهێنەرە لە وەرزی 2026-2027 دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە تیمێکی نوێ بنیات بنێتەوە، بەڵام نیوکاسڵ ناکرێت رێگە بدات شکستی بازاڕی گواستنەوەی هاوینی رابردوو دووبارە ببێتەوە و دەبێت بە باشترین شێوە پێکهاتەکەیان بۆ وەرزی نوێ بەهێز بکەن.



