
یاریگا –
دانی کارڤاخاڵ، بەرگریکاری ریال مەدرید، لە تەمەنی 34 ساڵیدا بە یەکێک لە قورسترین ساتەکانی ژیانی وەرزشیدا تێپەڕ دەبێت؛ ئەو یاریزانەی کە 13 وەرز بەرگری لە درێسی سپی کردووە، ئێستا رووبەڕووی راستییەکی تاڵ دەبێتەوە و ماڵئاوایی یەکجاری دەکات.
دوایین گورز بۆ کارڤاخاڵ، پێکانی بوو لە پەنجەی پێی راستیدا کە تووشی شکان بووە. ئەم پێکانە نەک تەنیا وەرزەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی پێهێنا، بەڵکوو دوایین هیوای بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال لەناوبرد.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تیمی پزیشکی هەوڵ دەدەن بۆ یاریی کۆتایی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو ئامادەیبکەن تاوەکوو تەنیا بۆ ماڵئاوایی چەند خولەکێک یاریی بکات، بەڵام دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، گرێبەستی کارڤاخاڵ لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت و کارگێڕیی مێرێنگی بڕیاری کۆتایییان داوە؛ هیچ ئۆفەرێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش ناکرێت.
#Lomáscomentado | Carvajal dice adiós a todo https://t.co/u4HuIynQRw
— MARCA (@marca) May 2, 2026
ئەم بڕیارە دوای وەرزێکی پڕ لە پێکان، کێشە لەگەڵ راهێنەر و کەمیی خولەکەکانی یارییکردن هات. کارڤاخاڵ کە ساڵێک پێش ئێستا لە لووتکەی ئاستیدا بوو، ئێستا وەکوو یاریزانێکی یەدەک و بە دڵێکی شکاوەوە مەدرید جێدەهێڵێت.
دوای تێپەڕاندنی پێکانێکی درێژخایەن کە ساڵێکی پێچوو، کارڤاخاڵ نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر ئاستە ئاساییەکەی. ئامارەکانی ئەم وەرزەی کە تەنیا چوار یاریی وەکوو سەرەکی بەشداریی کرد، گوزارشت لە کۆتاییەکی دڕندانە دەکەن بۆ یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەکە.
کاپتنەکەی لۆس بلانکۆس 448 یاریی بە درێسی سپییەوە کرد، لەو ژمارە یارییە 14 گۆڵی کرد و 65 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد، هەروەها 26 نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، لەنێویاندا 6 نازناوی چامپیۆنزلیگ.



