
یاریگا –
فابیان هورزلەر، راهێنەرە گەنج و بلیمەتەکەی یانەی برایتن، لە نوێترین هەنگاوییدا یاریزانێکی پیشەگەری هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان دەهێنێتە نێو مەشقەکانی یانەکە.
هەموو شتێک لە چاوپێکەوتنێکی جاک هینشێڵوود، یاریزانی ناوەڕاستی برایتن لەگەڵ رادیۆی BBC 5 Live دەستیپێکرد، کاتێک ستایشی رێگەی مەشقە نوێیەکانی راهێنەرەکەی کرد و ئاشکرای کرد کە یاریزانێکی MMA هێنراوەتە نێو مەشقەکان. دواتر هورزلەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی نیوکاسڵ، راستی بابەتەکەی پشتڕاستکردەوە و وردەکاری زیاتری درکاند.
هورزلەر گوتی؛
نامەوێت برایتن هەمیشە وەکوو یانەیەکی ‘ناسک و نەرم’ بناسرێت، پێویستە لە هەندێک سات لە رووی جەستەییەوە شەڕکەر و خۆڕاگر بین.
بەهۆی ئەوەی برایتن یاریزانی زۆر باڵابەرزی نییە، هورزلەر پێی وایە یاریزانانی MMA شارەزاییەکی بێوێنەیان لە ململانێی یەک بەرانبەر بەکدا هەیە و دەتوانن یاریزانەکانی فێربکەن چۆن جەستەیان بەکاربهێنن بۆ رێگریکردنی لە یاریزانی بەرامبەر و پاراستنی ناوچەی سزا لە کاتی لێدانە جێگیرەکان.
Don’t let Mikel Arteta see this 👀 https://t.co/zgOpgZFtuq pic.twitter.com/rGRBjBy9Pg
— SEAGULLS SOCIAL (@SeagullsSocial) May 1, 2026
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە شێوازی لێدانی کۆڕنەر لە پرێمەرلیگ گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە لێدانی کۆڕنەر بە سووڕانەوە بۆ ناوەوە (Inswinging) لە %41ـەوە بۆ %71 زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە یانەکان قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم گۆڵپارێز دروستبکەن. هورزلەر دەیەوێت لە رێگەی ئەم تەکنیکە نوێیانەوە بەرپەرچی ئەم پلانە بگرێتەوە.
هورزلەر کە تەمەنی تەنیا 33 ساڵە و گەنجترین راهێنەری ئێستای پرێمەرلیگە، تەنیا راهێنەر نییە کە پەنا بۆ رێگەی نامۆ دەبات. پێشتر میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ، چەند ‘گیرفانبڕێکی لێهاتوو’ـی هێنابووە نێو ژەمە خواردنی یاریزانەکان بۆ ئەوەی مۆبایل و جزدانەکانیان بدزن، تەنیا بۆ ئەوەی فێریان بکات کە پێویستە هەمیشە لەنێو یاریگا و دەرەوەی یاریگا وشیار بن.



