
یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە نزیکبوونەوەی لە ریال مەدرید دەکەن.
جۆزێ مۆرینیۆ، لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە مەراسیمێکدا لە شاری میلان، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە دەیبەستنەوە بە گەڕانەوە بۆ بێرنابیۆ. مۆرینیۆ جەختی کردەوە کە لە ئێستادا تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش گەیاندنی بێنفیکایە بە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی ریکۆردـی پۆرتوگالی نووسیەتی؛ وەڵامەکەی مۆرینیۆ لە رواڵەتدا دڵسۆزییە بۆ بێنفیکا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پەیامێکی کراوەیە بۆ مێرێنگی.
پاراستنی سەقامگیریی بێنفیکا
مۆرینیۆ زۆر ژیرانە خۆی لە دروستکردنی کێشە لەگەڵ هاندەرانی بەنفیکا پاراست و لەبری ئەوەی باسی ئۆفەرەکانی دەرەوە بکات، گوتی تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە بێنفیکا بگەیەنێتە چامپیۆنزلیگ. ئەم لێدوانە ئامانج لێی هێورکردنەوەی ژینگەی یانە پورتوگالییەکەیە. بێنفیکا ئێستا لە ململانێیەکی قورسدایە بۆ مسۆگەرکردنی پلەی دووەمی خولی پورتوگال کە راستەوخۆ دەیانگەیەنێتە چامپیۆنزلیگ، هەر بۆیە مۆرینیۆ نایەوێت بە قسەکردن لەسەر ریال مەدرید، سەرنجی یاریزانەکانی و یانەکەی تێکبدات.
رەتکردنەوەی هەڵبژاردەکان؛ مۆرینیۆ ئالوودەی فشارە
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی قسەکانی مۆرینیۆ، جەختکردنەوەی بوو لەسەر شێوازی کارکردنی و رایگەیاند؛
هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە ببمە راهێنەری هەڵبژاردەیەک، ناتوانم ژیانی خۆم بێ تۆپی پێی رۆژانە و کارکردن لە یانەیەکدا وێنابکەم؛ بێ مەشقی هەموو رۆژێک، بێ ئەوەی سێ جار لە هەفتەیەکدا ببەیتەوە، بدۆڕێیت یان یەکسان بیت.
رۆژنامە پۆرتوگالییەکە دەڵێت ئەم قسانە دوو پەیامی گەورەیان تێدایە؛
یەکەم؛ کۆتایی هێنان بەو دەنگۆیانەی کە گوایە دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەیەکی وەکوو پورتوگال یان بەڕازیل یان تەنانەت مەغریب.
دووەم؛ ناردنی پەیامێک بۆ ریال مەدرید، کە ئەو هێشتا وزەی ماوە و بەدوای ئەو جۆرە ژینگەیەدا دەگەڕێت کە پڕە لە فشاری دەروونی، بردنەوە و هەستیاری، کە ئەمەش رێک پێناسەی ژینگەی ریال مەدریدە.
نهێنییە گەورەکە؛ یاسای 10 رۆژ
سەرەڕای ئەوەی مۆرینیۆ بە ئاشکرا دەڵێت دەیەوێت لە پورتوگال بمێنێتەوە و گرێبەستەکەی ساڵێکی دیکەی ماوە، بەڵام بڕگەیەکی شاراوە لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە دەکرێت تەواوی هاوکێشەکان بگۆڕێت. بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی 10 رۆژی دوای تەواوبوونی ئەم وەرزەدا، هەر یەکێک لە لایەنەکان (مۆرینیۆ یان بێنفیکا) مافی ئەوەیان هەیە بە بڕە پارەیەکی کەم و سادە، گرێبەستەکە هەڵبوەشێننەوە.
شەترەنجەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ رۆی کۆستا
بۆ ئەوەی مۆرینیۆ لەو قەیرانی کاتە رزگاری بێت، پێشوەختە داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی خستووەتە سەر مێزی روی کۆستای سەرۆکی بێنفیکا. ئەمە جوڵەیەکی زۆر زیرەکانەیە، چونکە؛
ئەگەر بەنفیکا گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەکەی لاببات یان گران بکات، ئەوا سەقامگیرییەکی درێژخایەنی لە پورتوگال دەبێت.
ئەگەر بەنفیکا دوابکەوێت یان دوودڵ بێت، مۆرینیۆ دەتوانێت لەو پەنجەرە 10 رۆژییەدا بڕیاری ڕۆیشتن بدات، بەتایبەت ئەگەر تەلەفۆنێکی لە فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە پێبگات!



