
یاریگا –
دوای یەکسان بوونەکەیان بەرامبەر قوە جەوییە، راهێنەری هەولێر لە ناوبژیوانی یارییەکە توڕەیە و دەڵێت 10 ساڵ دەبێت ناوبژیوان ئەو هەموو هەڵەیان نەکردووە.
لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەگەڵ قوە جەوییەی پێشەنگ بە ئەنجامی 1 _ 1 یەکسان بوو، لەم یارییەدا لێدانی سزای گوماناوی بۆ هەولێر هەژمار نەکرا، بۆیە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، باسم قاسم، راهێنەری هەولێر هێرشی تووندی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە:
من زۆر کەم قسە لەسەر ناوبژیوانان دەکەم، چونکە ئەوانیش مرۆڤن و هەڵە دەکەن کە بەشێکە لە یاریی، بەڵام ئەوەی لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و تایبەت بەرامبەر ئێمە روودەدات ناتوانین لێی بێدەنگ بین، لە 10 ساڵی رابردوودا ئەوەندە هەڵەیە رووی نەداوە، ناوبژیوانەکان ناتوانن دادپەروەری بچەسپێنن لە نێو یاریگادا، بڕیارەکان بۆ هەردوولا وەکو یەک نین.
دەربارەی ئەنجامی یارییەکە و ئاستی یاریزانەکانیشی، باسم قاسم رووی گلەیی لە یاریزانەکان دەکات و پێیوایە دەکرا گێمی یەکەم یارییەکە یەکلایی بکەنەوە.
ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، ئێمە بۆ سێ خاڵی یارییەکە هاتبووین و زۆر نزیکیش بووین بەدەستی بهێنین، دەبوو یاریزانەکانی ئێمە گێمی یەکەم یارییەکە یەکلایی بکەنەوە، قوە جەوییە هیج مەترسیەکی راستەقینەی لەسەر گۆڵی ئێمە نەبوو.
هەولێر بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم مایەوە و خزمەتێکی باشی شوڕتەشی کرد کە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ قوە جەوییەی پێشەنگ کەمکرایەوە بۆ حەفت خاڵ، هەولێر لە بەغدا دەمێنێتەوە و یاریی داهاتووی بەرامبەر تەڵەبە دەکات لە یاریگای مەدینە.



