کڵۆپ و ریال مەدرید؛ چیرۆکە دووبارەبووەوەکە کۆتایی دێت
رۆژنامەی ئاس وردەکاریی نوێ لەبارەی داهاتووی کڵۆپ ئاشکرا دەکات

یاریگا –
جارێکی دیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین، ناوی یۆرگن کڵۆپ وەکوو بەربژێر بۆ راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەهێنرێت، بەڵام وەکوو هەمیشە، تەنیا دەنگۆیەکی وەرزییە و راستییەکان ئاراستەیەکی دیکەیان هەیە.
ژیانێکی نوێ لە دەرەوەی یاریگا
کڵۆپ کە دوای جێهێشتنی لیڤەرپوول پێویستی بە پشوو هەبوو، ئێستا لە پۆستەکەی وەکوو بەڕێوەبەریی وەرزشی گرووپی رێد بوڵ و ژیانی تایبەتی خۆی لە دورگەی مایۆرکا زۆر دڵخۆشە. ئەو هیچ پەلەیەکی نییە بۆ گەڕانەوە سەر کورسیی راهێنەرایەتی یانەکان، بەتایبەت کە ریال مەدرید هیچ هەنگاوێکی فەرمی بۆ نەناوە.
خەونە گەورەکە؛ مانشافت
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، گەورەترین ئامانجی کڵۆپ، ئێستا وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە. ئەمەش بەستراوەتەوە بەوەی کە یولیان ناگلیسمان لە مۆندیالی 2026 چی دەکات و ئەنجامەکانی چۆن دەبن. مۆندیال هەمیشە وێستگەی کۆتایی پڕۆژە کۆنەکان و دەستپێکی پڕۆژە نوێیەکانە.

ناگلیسمان، ریال مەدرید مانچستەر یونایتد
هەروەها ئەمڕۆ هەمان سەرچاوە بڵاویکردەوە، ناگلیسمان خۆی پێشکەشی ریال مەدرید کردووە و ئارەزووی وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی بێرنابیۆ دەکات. ئەگەر ناگلیسمان بە هەر هۆکارێک کورسییەکەی ئەڵمانیا چۆڵ بکات، کڵۆپ دەرگاکانی بۆ دەکرێتەوە تاوەکوو گەورەترین ئامانجی ژیانی وەرزشیی بەدیبهێنێت.
ئەوەی روونە ئەوەیە کە ‘گۆرانییەکەی هاوین’ دەربارەی کڵۆپ و ریال مەدرید، ئەمساڵیش تەنیا ‘مۆسیقایەکی بێئەنجام’ دەبێت.



