
یاریگا –
دیێگۆ سیمۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای ئەوەی لە کۆتا هەنگاودا نازناوی جامی شای ئیسپانیایان بە لێدانی یەکلاییکەرەوە بە تکابەرەکەیان بەخشی، نەیتوانی خەمباری خۆی بشارێتەوە.
هەلە لەدەستچووەکان و ئازاری دۆڕان
سیمۆنی لە لێدوانەکانیدا دوای یارییەکە گوتی؛
پیرۆزبایی لە رکابەرەکەمان دەکەم، ئەوان لە ساتە گرنگەکاندا بەهێز بوون. ئێمە لە گێمی دووەم و کاتی زیادکراودا زۆر باش بووین و دەمانتوانی بە هەلەکانی باینا و جۆنی کاردۆسۆ یارییەکە یەکلایی بکەینەوە، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو.
ماندووبوونی جەستەیی
سەبارەت بە دابەزینی ئاستی جەستەیی یاریزانەکانی، چۆلۆ ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا چوار رۆژ پێش ئێستا یارییەکی تاقەتپڕوکێنیان بەرامبەر بارسێلۆنا کردووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمی وزەی پێویستی یاریزانەکانی لە کۆتا ساتەکاندا هەبووە.
پەیامێک بۆ هاندەران
کاتێک لێیان پرسی چ پەیامێکت بۆ هاندەران هەیە؟ سیمۆنی بە راشکاوی گوتی؛
قورسە پەیام بدەم، چونکە ئەوەی تیپەکە و هاندەران پێویستیانە تەنیا بردنەوەیە. هاندەران پێویستیان بە گفتوگۆ و قسەی من نییە، نازناویان دەوێت.
بیرکردنەوە لە ئارسیناڵ؟
سیمۆنی رەتیکردەوە ئێستا بیر لە یاریی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ بکاتەوە و گوتی؛
ئێستا بیر لە ئارسیناڵ ناکەمەوە، ئەم دۆڕانە زۆر ئازارم دەدات. هەموو هەوڵێکی خۆمان دا و ویژدانمان ئاسودەیە، بەڵام بردنەوەکە بۆ ئێمە نەبوو.



