
یاریگا –
گاڤی لە بارسێلۆنا گرنگییەکی زۆر بەدەستدەهێنێت، ئەوەش بەهۆی پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە یارییە گەورەکاندا.
پابلۆ پایز گاڤیرا (گاڤی) هەنگاوی گەورە بەرەو باشترین ئاستی دەنێت. ئەم یاریزانە ئەندەلوسییە، چ وەکوو یاریزانی باڵی چەپ یان ناوەڕاستکاری بەرگریکار یاری بکات، لە بارسای فلیکدا بەردەوامیی پێ دەدرێت و لە یارییە گرنگەکاندا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات. ئەمەش لە ناوەندی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە لاس رۆزاس پشتگوێ نەخراوە، لویس دێلا فۆنتێ هەمیشە بە وردی چاودێریی گەشەی ئەم یاریزانەی ئەکادیمیای بارسا دەکات، کە دەرفەتەکانی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتووی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا روو لە زیادبوونە.
لە راستییدا راهێنەرەکە لە کاتی دوایین کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا و پێش یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریاڵ باسی لە گاڤی کرد و گوتی:
لە چەندین بۆنەی جیاوازدا قسەمان لەگەڵ گاڤی کردووە. کاتێک گەڕایەوە بۆ یاریکردن، پەیامی دڵخۆشی و پیرۆزباییم بۆ نارد.
گاڤی خۆشی لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ موندۆ دیپۆرتیڤۆ روونی کردەوە کە لە کاتی چاکبوونەوەیدا، راهێنەرەکەی لا رۆخا چەندین جار پەیوەندی پێوە کردووە بۆ ئەوەی هەواڵی بزانێت، ئەوەش کارێک بوو کە گاڤی بە ئاشکرا سوپاسی کرد.

راهێنەرەکە گاڤی لەبیر نەکردووە و هەر کە بۆی بڕەخسێت بانگهێشتی دەکاتەوە. ئەو یاریزانە یۆرۆی لەدەستدا، بەڵام هیوادارە لە مۆندیالدا ئامادە بێت. دێلا فۆنتێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی:
گاڤی یاریزانێکی زۆر تایبەتە بەهۆی ئاست و کوالێتییەکەیەوە. دەتوانین چاوەڕێی هەر شتێکی ئەرێنی لێبکەین. دوو مانگی ماوە، کاتێکی زۆرە و یاریی زۆریش ماون. دوای دوو مانگی دیکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، هەموومان حەز دەکەین لەگەڵمان بێت، ئەوە دەبێتە باشترین هەواڵ.
راهێنەرەکە دەیەوێت گاڤی یاری بکات و خولەکی زیاتری پێبدرێت، ئەوەش ئێستا روودەدات. ئەو لە کۆتایی مانگی ئابەوە یاریی نەکردبوو و لە 15ـی ئازاردا بەرامبەر سێڤییا گەڕایەوە. لە خولدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ یاریی کرد و لە قۆناخی هەشتەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاشدا بەرامبەر هەمان تیم رۆڵێکی سەرەکی هەبوو. لە یاریی چووندا لە کامپ نۆ هەموو گێمی دووەم یارییکرد و لە یاریی گەڕانەوەشدا کە هەموو شتێک لە مەترسیدا بوو، بە سەرەکی دەستی پێکرد. لەنێوان ئەو یارییانەشدا بەرامبەر ئیسپانیۆل بە سەرەکی یاریکرد و 64 خولەک لە یاریگادا مایەوە.
گاڤی لە بارسا پێگەی خۆی بەهێزتر دەکات. خولەکە بە نزیکەیی یەکلا بووەتەوە و حەوت یاری ماوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی ریتمی یاریکردن و خۆی بۆ ئامانجە گەورەکەی لە ساڵی 2026 ئامادە بکات. سەرەتا دەیویست بە تەواوی چاک بێتەوە و نازناو لەگەڵ بارسا بباتەوە، دوای ئەوەش گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یاریکردن لە مۆندیال، کە خەونی هەر یاریزانێکی تۆپی پێیە.



