عێراقکوردستان

وەلی کەریم: دەمانەوێ بۆ یارییەکەی نەجەف بەهێز دەربکەوین

نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە

Yariga App

یاریگا –

نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، راهێنەری سوورپۆشەکانیش دەڵێت پێوێستە بەهێز دەربکەوین.

هەینی ( 17ـی نیسانی 2026 ) لە گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز کاتژمێر 7:30ـی شەو له دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، لە مێژوودا هەردوو یانە نۆ یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە پێنج یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و نەجەفیش لە سێ یارییدا براوە بووە و یەک یارییش یەکسان بوونە.

بۆ ئەم یارییە نەورۆز لە توانای نیتۆ ئاکاڕای هێرشبەری بەڕازیلی و مێریسچی بەرگریکاری بە هۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت، محەمەد دلاوەری کاپتنیش بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی یاریی ناکات.

وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی ئامادەکارییان بۆ یارییەکە گووتی:

نەجەف یانەیەکی گەورەیە و خاوەن راهێنەرێک و یاریزانی بەتوانان، بۆیە ئەم یارییەمان ئاسان نیە، مەشقەکانمان لەم چەند رۆژە چڕ کردەوە بۆ ئەوەی لەم یارییه بە ئاستێکی باش و بەهێز دەربکەوین، دەمانەوێ لە نەجەفەوە دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین و سێ خاڵی ئەم یارییە بەدەست بهێنین.

نەورۆز بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەم دێت، گەڕی داهاتووش لە یارییەکی بەهێزدا لە بەغدا بەرامبەر تەڵەبە یاریی دەکات، نەجەف بە 14 خاڵ لە ریزبەندی 19ـەو ناوچەی دابەزینی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button