ئه‌مریکاجیهانگرنگترینمۆندیالی 2026

ئانچێلۆتی و سەرۆکی بەڕازیل؛ گفتوگۆیەکی نهێنی لەسەر داهاتووی نێیمار لە مۆندیال

سەرۆکی بەڕازیل نهێنییەکی نێوان خۆی و ئانچێلۆتی ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

پرسی بەشداریکردنی نێیمات داسێلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل، لە جامی جیهانی 2026 بووەتە پرسێکی ئاڵۆز کە تەنیا لە چوارچێوەی وەرزشیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو گەیشتووەتە ناو کۆشکەکانی سەرۆکایەتی.

لە کاتێکدا نێیمار بەدەست پێکانە یەک لەدوای یەکەکان و دابەزینی ئاستییەوە دەناڵێنێت، لێدوانێکی نەشیاو و ئابڕووبەریش دۆخەکەی هێندەی دیکەی لێ قورس کردووە.

کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری بەڕازیل، بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی نێیمار راوێژی بە باڵاترین دەسەڵاتی وڵات کردووە. لولا دا سێلڤا، سەرۆکی بەڕازیل، لە پەخشێکی راستەوخۆدا نهێنییەکی درکاند و رایگەیاند کە کارلۆ لێی پرسیوە؛ نێیمار بانگێشت بکات یاخود نا.

وەڵامەکەی سەرۆکی بەڕازیل پەیامێکی روون و هۆشدارییەکی توند بوو بۆ ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس. لولا پێی وایە تەنیا ناو و ناوبانگ بەس نییە بۆ پۆشینی درێسی سێلیساو، بەڵکوو نێیمار دەبێت بیسەلمێنێت کە لە ناوخۆیدا ئاگری ویست و ئارەزووی ماوە.

لولا وەکوو نموونەیەک بۆ پڕۆفیشناڵبوون، مێسی و رۆناڵدۆی هێنایەوە کە سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنیان هێشتا بە پابەندبوونەوە یاریی دەکەن و رایگەیاند؛

نێیمار هێشتا پیر نەبووە، بەڵام دەبێت لە ناو یاریگادا شایستەیی خۆی بسەلمێنێت.

وەکوو ئەوەی کێشە هونەرییەکان بەس نەبن، نێیمار جارێکی دیکە سەلماندی کە ناتوانێت لە دەرەوەی یاریگاش خۆی لە کێشە بەدووربگرێت. دوای وەرگرتنی کارتی زەرد و راگرتنی بۆ یەک یاری لە کاتی یاریکردنی بۆ یانەی سانتۆس بەرامبەر ریمۆ، نێیمار کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و هێرشی کردە سەر ناوبژیوان.

ئەو دەستەواژەیەی نێیمار بەکاریهێنا (de chico)، کە لە زمانی پورتوگالیدا وەکوو ئاماژەیەک بۆ سوڕی مانگانەی ژنان و بێزاری بەکاردێت، کاردانەوەیەکی گەورەی لە میدیاکانی بەڕازیل و جیهاندا لێکەوتەوە. رێکخراوەکان و میدیاکان لەوانە؛ تۆڕی ESPN Brasil ئەم لێدوانەیان بە سووکایەتیکردن و هەڵگری پاشخانێکی جیاکاریی رەگەزی وەسف کرد. نێیمار ناوبژیوانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت خۆی بکاتە پاڵەوان و بێڕێزی بە یاریزانەکان دەکات.

دوابەدوای ئەو زریانە میدیاییە، نێیمار لە رێگەی کەناڵەکەیەوە لە یوتیوب هەوڵیدا ئاو بە ئاگرەکەدا بکات. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەستی سووکایەتیکردن نەبووە بە ژنان و تەنانەت رەگ و ریشەی مێژوویی دەستەواژەکەی نەزانیوە، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی بڵێت کە ناوبژیوانەکە لە بارودۆخێکی دەروونیی ماندوودا بووە.

لەم قۆناخە هەستیارەدا، نەیمار لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە. ئایا دەتوانێت پەیامەکەی سەرۆکی وڵات و ئامۆژگارییەکانی ئانچێلۆتی قبوڵ بکات و بە ئاستێکی جەستەیی و دەروونیی جێگیرەوە بگەڕێتەوە؟ یان ئەم کێشە بەردەوامانە دەبنە هۆی ئەوەی بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە خەونی بەرزکردنەوەی جامی جیهانی بکات؟

بابەتی زیاتر

Back to top button