لونین و ریال مەدرید؛ گرێبەستێک لە پێناو وەفاداری و سوپاسگوزاری
نهێنیی مانەوەی لونین؛ بۆچی گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە کورسی یەدەکی قبووڵکرد؟

یاریگا –
لە جیهانی تۆپی پێدا کە زۆربەی کات پارە و یاریکردنی سەرەکی بڕیارەکان دەدەن، ئاندری لونین، گۆڵپارێزی ئۆکرانی، چیرۆکێکی جیاوازی نووسییەوە.
لونین، کە تەمەنی 27 ساڵە و دەتوانێت لە زۆرینەی یانە گەورەکانی ئەوروپا گۆڵپارێزی سەرەکی بێت، بەڵام ئەو بڕیاریدا لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر وەکوو جێگرەوەی تیبو کۆرتواش بێت.
زیاتر لە تۆپی پێ
رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، هۆکاری سەرەکیی مانەوەی لونین بۆ ئەو رێز و پشتگیرییە دەگەڕێتەوە کە یانەی ریال مەدرید لە کاتە هەرە ناخۆشەکاندا پێشکەشی کردووە. لە 24ـی شووباتی ساڵی 2022، کاتێک سوپای رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا،ریال مەدرید بە شێوەیەکی بێمەرج لە پشت لونین وەستا و هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەروونی و دامەزراوەیی پێشکەش بە خێزانەکەی کرد، تەنانەت ئەو ئەندامانەی خێزانەکەشی کە لە ناوچەکانی جەنگدا مابوونەوە. ئەم هەڵوێستە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر لونین دروستکرد و وای لێکرد هەست بە سوپاسگوزارییەکی هەمیشەیی بکات بەرامبەر بە لۆس بلانکۆس.
Es feliz en Madrid y con el Madrid. No olvida cómo el club se volcó con él cuando estalló la guerra en su país. Por eso, pese a ser suplente, quiso seguir.
✍️ @AS_TomasRoncero pic.twitter.com/sLMCXvVyrb
— Diario AS (@diarioas) April 14, 2026
پاڵەوانی چواردە و پازدە
لونین تەنیا بەهۆی سۆزەوە لە مەدرید نەماوەتەوە، بەڵکوو ئاستە هونەرییەکەشی سەلماندوویەتی کە شایستەی ئەو درێسەیە. پێکانە درێژخایەنەکەی کۆرتوا لە هاوینی 2023، دەرفەتی بۆ لونین رەخساند تاوەکوو ببێتە پۆڵایەک لە ناو گۆڵدا.
هیچ هاندەرێکی ریال مەدرید ئەو شەوە مێژووییەی یاریگای ئیتیحاد بیرناچێتەوە، کاتێک لونین بە تەنیا بەرەو رووی هێرشەکانی مانچێستەر سیتی وەستایەوە و سەرکەوتنی بۆ تیپەکەی مسۆگەر کرد، کە دواتر بووە هۆی بەدەستهێنانی نازناوی 15ـی چامپیۆنز لیگ.
مانەوە لە ناو ماڵە گەورەکەدا
کاتێک لە ساڵی 2024، لونین گرێبەستەکەی نوێکردەوە، زۆر کەس سەرسام بوون، چونکە دەیانزانی کۆرتوا گەڕاوەتەوە و لونین دەچێتەوە سەر کورسی یەدەک، بەڵام بۆ گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە، مەدرید تەنیا یانەیەک نییە، بەڵکوو ئەو شوێنەیە کە لە کاتی تەنگانەدا پاراستوویەتی.
لونین ئێستا لە مەدرید دڵخۆشە و ئامادەیە لە هەر ساتێکدا کە پێویست بێت، بەرگری لە رەنگی سپیی یانەکە بکات.



