
یاریگا –
بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەفت، تەواوی یاریزانانی هەولێر ئامادەن و سەرهەنگ موحسینیش دەڵێت پێویستە پلە یەکی باش لە ریزبەندییەکە وەربگرین.
سێ شەممە ( 14ـی نیسانی 2026 ) لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە یاریگای کاپتن شەرار حەیدەر لە بەغدا رووبەڕووی نەفت دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە تەواوی یاریزانانی هەولێر ئامادەن، لە چوار یاریی رابردووشدا هەولێر سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە و لە هەرچوار یارییدا یەکسان بووە.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دەربارەی یارییەکەیان بەرامبەر نەفت گووتی:
نەفت یانەیەکی بەهێزه و ئەرکەکەمان ئاسان نابێت، هیوام بە یاریزانەکان هەیە و باوەڕم پێیان هەیە کە بتوانن قەرەبووی یارییەکانی رابردوو بکەنەوە و ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنن.
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێز و ئەستێرەی یانەی هەولێر دەڵێت ئامادەکارییەکانمان باشن و سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن، سەرهەنگ دەربارەی یارییەکە رایگەیاند:
چەند رۆژێکی کەممان لەبەردەست بوو، بەڵام بەگشتی ئامادەکارییەکان باشن، سەرجەم یاریزانەکانیش ئامادەن، سەرجەم ئەو یارییانەی ماون ئاسان نابێت، پێویستە لەسەرمان ئەم وەرزە بە پلەیەکی باش کۆتایی بە ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بهێنین.
دەرفەتە لەبەردەم هەولێر ئەگەر سەرکەوتن تۆمار بکات جگە لەوەی ریزبەندی سێیەم وەردەگرێتەوە، جیاوازی خاڵەکانیشی لەگەڵ شوڕتەی خاوەن پلەی دووەم کەم دەبێتەوە بۆ سێ خاڵ دوای شکستی شوڕتە بەرامبەر زەوڕا.
هەولێر بە کۆکردنەوەی 53 خاڵ و بە شێوەی کاتی لە ریزبەندی چوارەم دێت، گەڕی داهاتووش میوانداری قاسم دەکات، نەفتیش 37 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 11ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



