
یاریگا –
کێرتس جۆنز، ناوەڕاستکاری ئینگلیزی یانەی لیڤەرپوول لە کۆتایی ئەم وەرزە یانەکە بەجێدەهێڵێت.
ماڵپەڕی تیم تۆک بڵاویکردووەتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە کێرتس جۆنز وەرزی داهاتوو لە لیڤەرپوول نابێت و لە هاوین گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و ماڵئاوایی لە یانەی منداڵی دەکات.

جۆنز لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لە ئەکادیمیای رێدز پێگەیشتووە، تاوەکوو ئێستا 215 یاریی بە درێسی تیپی یەکەمی یانەکەوە کردووە، بەڵام ئەم وەرزە نەیتوانیوە تەواو پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی مسۆگەر بکات.
گرێبەستەکەی ناوەڕاستکارە تەمەن 25 بەهارییەکە لەگەڵ لیڤەرپوول نزیکەی ساڵێکی ماوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، هێشتا لەسەر نوێکردنەوەی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسانی لیڤەرپوول ئەگەر گرێبەستێکی گونجاویان بۆ یاریزانەکە پێشکەشبکرێت ئامادەن دەستبەرداری بن.
هاوکات یانەکانی ئینتەر میلان، تۆتنهام، بۆروسیا دۆرتمۆند، نیوکاسڵ و کریستاڵ پاڵاس چاودێریی یاریزانەکە دەکەن و ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.



