ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌

کۆتینهۆ لە پێناو گەڕانەوە بۆ لیڤەرپووڵ ئامادەیە مووچەکەی کەم بکرێتەوە

یاریگا- وا دیارە فیلیپی کۆتینهۆ ئەو ڕاستیەی لا ڕوون بووەتەوە کە نە لە بارسێلۆنا ویستراوە و نە بایەرن میونخیش نیازیان لە بە هەمیشەیی کردنی ماوەی خواستنەکەی هەیە، بۆیە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵی یەکەمی کە خۆی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بوو.

بە گوێرەی زانیارییەکان کە ڕۆژنامەی “زە سەن”ی ئینگلیزی بڵاوی کردۆتەوە، یاریزانە بەڕازیلییەکە پەیوەندی بە یۆرگن کڵۆپی ڕاهێنەرەوە کردووە کە هاوکاری بکات لە گەڕاندنەوەی بۆ ئانفیڵد. بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە مووچەیەکی کەمتر وەربگرێت.

کۆتینهۆ لە یانەی بارسێلۆنا 220 هەزار دۆلار مووچەکەی بوو، لە کاتێکدا بەرزترین مووچەی یاریزانانی لیڤەرپووڵ موحەمەد سەڵاحە بە 200 هەزار دۆلار و یانەکەش ئامادە نییە لەوە زیاتر بە کەسیتر بدات.

هەوڵەکانی کۆتینهۆ لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا یانەکانی چێڵسی، ئارسیناڵ و تەنانەت لیستەر سیتی ناویان بەو یاریزانەوە دەبەسترێتەوە، ئەگەرچی بلووز بە گواستنەوەی تیمۆ وێرنەر ڕەنگە هەوڵی دیکە نەداتەوە بۆ ئەستێرە بەڕازیلییەکە.

بۆ بیرهێنانەوە، ساڵی 2018 کۆتینهۆ بە بڕی 160 ملیۆن یۆرۆ لیڤەرپووڵی لە پێناو بارسێلۆنادا بە جێ هێشت. بەڵام نەیتوانی پێگە و ئاستەکەی پێشووتری خۆی بسەلمێنێت، بۆیە بە خواستن نێردرایە دەرەوە بۆ ڕیزەکانی بایەرن میونخ.

بابەتی زیاتر

Back to top button