Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

راپۆرتی تایبەت؛ چۆن هاوسەنگی هێڵی هێرشبردنی بارسێلۆنا ریال مەدریدی تێکشکاند

باڵەکان مەترسییە گەورەکە بوون

Yariga App

یاریگا –

جارێکی دیکە بارسێلۆنا باڵادەستی خۆی بەسەر ریال مەدریددا سەلماند و ئەم جارەیان لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بە ئەنجامی 3-2 یارییەکەی لێ بردەوە.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکی تایبەتدا هۆکارەکانی بردنەوەی بارسێلۆنای خستووەڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو یارییە جیاوازییەکی گەورەی تاکتیکی نێوان دوو رکابەرە مێژووییەکەی دەرخست، هەرچەندە هەردوو تیپ یارییەکی پڕ چێژ و ناوازەیان پێشکەشکرد، بەڵام هەڕەشەکانی بلوگرانا مەترسی زیاتریان لەسەر تۆڕی گۆڵی یانە مەدریدییەکە دروستدەکرد.

کوڕانی هانزی فلیک، بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە لای چەپ، راست و ناوەڕاستی یاریگاوە هێرشەکانیان دەستپێدەکرد، ئەمەش ریال مەدریدی ناچارکرد لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکە بەرگرییەکی چڕ بکات.

لە لای راستەوە لامین یامال پشت ئەستوور بە تواناکانی لە بڕینی یاریزانان و یارمەتی ژووڵ کۆندێ، سەرکردایەتی هێرشەکانی یانە کاتالوونییەکەی دەکرد و هەڕەشەی سەرەکی بوو بۆ سەر ریال مەدرید، لە باڵی چەپیشەوە ئەلیخاندرۆ باڵدێ بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ رافینیا لەو باڵەوە سەردەکەوتن، بەرگریکارە ئیسپانییەکە وەک هێرشبەرێکی زیادە رۆڵی دەگێڕا و سەرنجی بەرگریکارانی یانەی شاهانەی بەلای خۆیدا رادەکێشا، لە ناوەڕاستیشەوە دی یۆنگ و پێدرێ بە پاسەکانیان ناوچە قەرەباڵغەکانی یاریگایان دەبڕی، هەروەها رۆبێرت لێڤاندۆسکی زیاتر دەگەڕایەوە دواوە و یارمەتی تیپەکەی دەدا لە بنیاتنانی هێرشەکاندا.

لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ

لە بەرامبەردا، یانەی ریال مەدرید سەرەڕای ئامادەنەبوونی کیلیان ئێمباپێ لە سەرەتاوە، لە گێمی یەکەمدا مەترسی گەورەی بۆ سەر تۆڕی گۆڵی خوان گارسیا دروستکرد. ریال لەو یارییەدا پشتی بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەست، بەتایبەت لە رێی خێرایی و توانای ڤینیسیۆس جونیۆر لە بڕینی یاریزاناندا.

جونیۆر لەو یارییەدا بەهێزترین چەکی لۆس بلانکۆس بوو و زۆرینەی هێرشەکانی یانەکە لە رێگای ئەستێرە بەڕازیلییەکەوە ئەنجام دەدرا، ئەمەش وایکردبوو هێرشەکانی یانەکە بۆ بارسێلۆنا پێشبینیکراو بێت و سەرنجی تەواویان لەسەر ئەو باڵە بێت.

ڤینیسیۆس جونیۆر

کێشەکانی باڵی راستی مەدرید بەردەوامیان هەبوو، کەمترین جار لەو باڵەوە یانە شاهانەکە هێرشیان دەبرد،
ئەمەش بەهۆی نەبوونی یاریزانی گونجاو لەو جێگایە، چونکە براهیم دیاز بەهۆی بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە یانەکەی دابڕاوە، ئالێکساندەر ئارنۆڵدیش بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەی ریال مەدرید دوورخراوەتەوە، هەروەها فرانکۆ ماستانتونۆ بە هەمان هۆکار نەیتوانی بە شێوەی سەرەکی بەشداریی بکات.

ریال مەدرید لە لالیگا تەنها چوار خاڵ لە بارسێلۆناوە دوورەوە و هێشتا دەرفەتی تۆڵەکردنەوەی ئەم شکستەی لەبەردەمدا ماوە، بەڵام ئەم جارە پێویستە بە هاوسەنگی زیاترەوە لە هێڵی هێرشبردندا یاریی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button