سەڵاح ئانفیڵدی ‘هەژهەژاندووە’؛ ئێستا بژاردەکان چین؟
دوایین پەرەسەندن لە زاری سێ سەرچاوەی جیاوازی نێو ئانفیڵد بزانە

یاریگا –
چارەنووسی محەمەد سەڵاح لە لیڤەرپوول بووەتە بابەتی رۆژانەی میدیاکان و ئەمەش فشارەکانی سەر یانەکەی زۆر زیادکردووە.
لێدوانە ئاگرینەکانی سەڵاح لەدوای یەکسانبوونی یارییەکەی بەرامبەر لیدز یونایتد 3-3 لە پرێمەرلیگ، گڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان سەڵاح و ئارنە سڵۆت، راهێنەری یانەکە بەرداوە.
سەڵاح بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن سڵۆت دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی دوا سێ یاریی رێدز لە پرێمەرلیگ و بانگهێشت نەکردنی بۆ یارییەکەی ئینتەر، دۆخەکەی زۆر ئاڵۆز کردووە.

نایفرۆشین بەڵام…
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول بیر لە دەستبەرداربوون لە سەڵاح ناکاتەوە.
رێدز دەیەوێت تاوەکو تەواوبوونی گرێبەستی سەڵاح لە هاوینی ساڵی 2027، فەرعۆنەکە لە ئانفیڵد بهێڵێتەوە و دۆخی ئێستاش کاتییە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاتلێتیک لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیکەی نێو یانەکە زانیویەتی، لیڤەرپوول تۆپەکەی هاوێشتووەتە نێو یاریگای سەڵاح و دەیانەوێت نیازی سەڵاح بزانن، ئایا دەیەوێت لە یانەکە بمێنێتەوە یاخود نا.
یانەکە دەزانێت، ئەگەر دۆخەکە بەم گرژیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا بە تەواوی هەموو شتێک تێکدەچێت و کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی لیڤەرپوول دەبێت.


بۆچی سەڵاح تەقییەوە؟
تۆڕە ئەمریکییەکە لە زاری سێ سەرچاوەی جیاوازی نێو دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول چەند لێکدانەوەیەکی بۆ دۆخی ئێستای سەڵاح دەستکەوتووە.
لیڤەرپوول بە دوو شێوازی سەرەکی شیکردنەوە بۆ هەڵوێستی ئێستای سەڵاح دەکات، یەکەمیان بریتییە لەوەی، ئەستێرە میسڕییەکە دەیەوێت لیڤەرپوول لە بازاڕی زستانەی داهاتوو جێبهێڵێت.
شیکردنەوەی دووەمی لیڤەرپوول بریتییە؛ سەڵاح دەیەوێت فشارێکی زۆر لەسەر سڵۆت دروستبکات، ئەمەش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی رێدز لەم وەرزەدا و دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی.

بژاردەکانی چین؟
چەندین یانەی جیاواز دەیانەوێت سەڵاح بگوازنەوە ریزەکانیان، تەنانەت بەشێکی زۆریان ئامادەن لە مێرکاتۆی زستانە ئۆفەرێکی گونجاوی پێشکەش بکەن.
لە سعوودیە کە بەهێزترین بژاردەی داراییە، چەندین یانە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سەڵاح دەکەن.
یانەی ئیتیحاد لە هاوینی ساڵی 2023یەوە، ئامادەیی بۆ گواستنەوەی سەڵاح دەربڕیەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتریش گرنگی بە سەڵاح داوە، چونکە پێشبینی چوونە دەرەوەی کەریم بێنزێما لە یانەکە دەکرێت.
هیلال پێشتر چەند جارێک هەوڵی گواستنەوەی داوە، بەڵام یانە گەورەکەی ریاز پێویستی بە چۆڵکردنی شوێنێکی سەرەکی لە پێکهاتەکەیدا بۆ سەڵاح هەیە.
یانەی قادسیە کەم ئەم وەرزە بەشداری خولی رۆشن دەکات، لەڕووی داراییەوە توانای گواستنەوەی هەیە، بەڵام بەراورد بە یانەکانی دیکە، کاریگەری جەماوەری نییە.
باس لە گرنگیپێدانی چەند یانەیەکی ئەمریکی بە تواناکانی سەڵاح دەکرێت.
خولی ئەمریکا ئێستا یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین خولەکانی جیهان، چونکە لەڕووی توانای داراییەوە بەهێزە و چەندین ئەستێرەی گەورە یاریی تێدا دەکەن.
یانەی سان دیێگۆ، بژاردەیەکی بەهێزە، چونکە محەمەد مەنسووڕ، ملیاردێری میسڕی خاوەنی یانەکەیە و زۆر دۆستی سەڵاحە.
پێشتر یانەی شیکاگۆ فایەر گرنگی بە تواناکانی سەڵاح دابوو، بەڵام ئێستا بژاردەی سەرەکی نییە و ئینتەر مەیامیش هیچ پەیامێکی بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەڵاح نەبووە.




