Loading...
کوردستانگرنگترین

بانگەوازێک لە یانه‌ی زاخۆوە بۆ تەواوی کوردستان

زاخۆ سنوره‌كان ده‌بڕێت و له‌ ده‌رگای هه‌موو ماڵێك ده‌دات

Yariga App

یاریگا –

لە هەنگاوێکی بێوێنە و مێژووییدا بۆ وەرزشی کوردستان و عێراق، یانەی زاخۆ ئامادەکارییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی خەونی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان بکاتە راستی، بۆ ئەم مەبەستەش یانەکە پلانێکی مەیدانی فراوانی داڕشتووە کە سبەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەڵمەتی چوار تیم لە چوار شار

سبەی چوارشەممە، یانەی زاخۆ بە فەرمی چوار تیمی جیاوازی خۆبەخش رەوانەی هەر چوار پارێزگای (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک) دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم تیمانە هاندانی هاوڵاتیان و وەرزشدۆستانە بۆ دەنگدان بە هاندەرانی زاخۆ لە پێگەی فەرمی فیفا، پێش وادەی داخستنی دەنگدان.

وردەکاریی پلانەکە؛ هەموو دەرگاکان دەکوترێن

دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند،

“پلانەکەمان زۆر تۆکمەیە، هەر تیمێک لەو چوار تیمە ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆی لەگەڵ دەبێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ لەو شارانە دەمێننەوە.”

گوتیشی،

“تیمەکانمان بێ ماندووبوون کار دەکەن و سەردانی سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان، شوێنە گشتییەکان، زانکۆکان و بازاڕەکان دەکەن، ئامانجمان ئەوەیە دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی خەڵاتەکە مسۆگه‌ر بكه‌ین.”

پەیامی سوپاسگوزاری

دڵژار عەدنان لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ یاریگا پەیامێکی ئاڕاستەی جەماوەری وەرزشی کرد و گوتی،

“بە ناوی یانەی زاخۆوە سوپاسی بێپایانی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بە پەرۆشەوە دەنگیان بە زاخۆ داوە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ یانه‌ی زاخۆ دەدەن، ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ ناوی کوردستان لەسەر شانۆی فیفا.”

ئێستا ناوی هانده‌رانی یانه‌ی زاخۆ  لە گۆڕەپانی جیهانیدایە و  دەیەوێت بەم هەڵمەتە مەیدانییە، مێژوویەک بۆ خۆی و کوردستان تۆمار بکات.

 

Back to top button