Loading...
ئینگلتەراگرنگترین

کڵۆپ دەرگای گەڕانەوە بۆ لیڤەرپوول دەکاتەوە

نهێنی ئۆفەرەکەی مان یونایتد و گەڕاندنەوەی رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

یورگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی دەرگای گەڕانەوە بۆ لیڤەرپوول دەکاتەوە.

کڵۆپ دوای 9 ساڵ لە کۆتایی وەرزی 2023/24 ئانفیڵدی جێهێشت و ئەوکاتە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ نەمانی وزە گەڕاندەوە.

راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول لە میانی بەشداریکردنیدا لە پۆدکاستی ”Diary of a CEO” روونیکردەوە؛

گوتم هەرگیز نابمە راهێنەری یانەیەکی دیکە لە ئینگلتەرا، بۆیە ئەگەر بگەڕێمەوە، ئەوا دەگەڕێمەوە لیڤەرپوول.

لەڕووی تیۆرییەوە مەحاڵ نییە.

کڵۆپ دوای جێهێشتنی لیڤەرپوول، لە سەرەتای ئەمساڵ بووە بەڕێوەبەری گشتی تۆپی پێ لە کۆمپانیای رێدبووڵ.

لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ویستی گەڕانەوەی بۆ لیڤەرپوول گوتی؛

خۆشم نازانم، ئێستا حەزم لە کاری خۆمە و بیری راهێنەرایەتی ناکەم. راستە وەکو راهێنەرم، بەڵام کارەکە جیاوازە و مامەڵە لەگەڵ یاریزانان ناکەم.

بیری راهێنەرایەتی ناکەم، بیری ئەو کاتانە ناکەم بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو لەژێر باران بمێنیتەوە، هەروەها بیری ئەوەش ناکەم، هەفتانە سێجار پرێس کۆنفڕانس بکەیت، یاخود هەفتانە 10 بۆ 12 چاوپێکەوتن بکەیت.

بیری ژووری جلگۆڕین ناکەم، لە 1080 یاریی وەکو راهێنەر بەشداربووم، بۆیە زۆر لە ژووری جلگۆڕین ماومەتەوە.

نامەوێت لە ژووری جلگۆڕین بمرم، تەمەنم 58 ساڵە، لەوانەیە لەڕوانگەی تۆ من کەمێک بەتەمەن بم، بەڵام لەڕوانگەی دیکەوە لەوانەیە ئەو تەمەنە گەورەیە نەبێت.

ئەمەش واتای ئەوەیە، دەکرێ لە چەند ساڵی داهاتوو بڕیارێک بدەم. ئایا پێویستە ئەمڕۆ بڕیار بدەم؟ جارێکی دیکە نابمەوە راهێنەر و سوپاس بۆ خودا کە ئەم کارە ناکەمەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کڵۆپ رەتکردنەوەی ئۆفەرێکی مانچێستەر یونایتدی لە ساڵی 2013 ئاشکراکرد؛

قسەم لەگەڵ مانچێستەر یونایتد کرد. کاتێک سێر فێرگسن لە پۆستەکەی نەما، قسەیان لەگەڵ کردم و بە گرنگییەوە گفتوگۆیان کرد.

ئەوکاتە گەنج بووم و تیمێکی ناوازەم لە دۆرتموند هەبوو. مان یونایتد زۆر هەوڵیدا، بەڵام کاتەکەیان هەڵەبوو، چونکە گرێبەستم لەگەڵ دۆرتموند هەبوو و ئامادەنەبووم یانەکە جێبهێڵم.

لە کاتی گفتوگۆکاندا، قسەی هەندێک لەو کەسانەم بەدڵ نەبوو کە لەنێو بازنەی گفتوگۆکاندا بوون. دەیانگوت مان یونایتد گەورەیە و دەتوانین هەر یاریزانێکمان بوێت بیگوازینەوە و منیش لەوێ دانیشتبووم. هەستمکرد ئەمە پڕۆژەی من نییە.

راستە کاتەکەش گونجاو نەبوو، بەڵام بەڕاستی پڕۆژەی منیش نەبوو. کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هەموومان دەزانین لەگەڵ مێسی باشترینی جیهان بوون، بەڵام گەڕاندنەوەی ئەم جۆرە یاریزانانە هەرگیز یارمەتیت نادەن.

لە ساڵی 2013، کێشەکە لەبارەی پۆڵ پۆگبا و رۆناڵدۆ نەبوو، بەڵام بیرۆکەکە ئەوەبوو، باشترینەکان کۆبکرێنەوە.

کڵۆپ تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا لەیاد بکات.

بەڕاستی ناتوانم بزانم لە ژووری جلگۆڕینی لیڤەرپوول چ جۆرە هەستێک هەیە کە جۆتای لێنەبێت. بەڕاستی زۆر قورسە و ناتوانم بەباشی قسەی لەسەر بکەم.

رۆژی رووداوەکە، هاوڕێیەکم لە لیڤەرپوول پەیامی بۆ ناردم، بەڕاستی نەمتوانی بڕوا بکەم. بەڵام دەزانم چەند بە تەنیا دانیشتم بەبێ ئەوەی یەک قسە بکەم. ئەو بەشێکی خێزانەکە بوو.

هەمووان دەیانویست جۆتا بۆ ماوەی 10 ساڵی دیکەش لە لیڤەرپوول یاریی بکات. بەڕاستی یاریزانێکبوو دەیتوانی لە هەموو شوێنێک یارییەکی ژیرانە بکات. یاریزانێکی لاو و پڕ وزە.

ئێستا وەکو یانە و هەموو هەستێکی سۆزداری لەلایەک دابنێ، چۆن دەتوانیت جێگرەوەی بۆ پەیدا بکەیت. بەڕاستی زۆر قورسە و تەنانەت مەحاڵە.

ئەگەر باسی بازاڕی گواستنەوەی ئێستای لیڤەرپوول بکەین، ئەوا بەبێ جۆتا زۆر جیاوازە.

کۆچی دوایی جۆتا هۆکارێکە بۆ ئەم مێرکاتۆیە، دڵنیام لە مانەوەی جۆتا، زۆر لەم پلانانە جێبەجێ نەدەکران.

بابەتی زیاتر

Back to top button