عێراقکوردستانگرنگترین

یانەی هەولێر: سەردار ئیسماعیل هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر یانەی هەولێردا نییە

رەوەز سەلام لەڕێگەی تۆڕی وەرزشی یاریگا وەڵامی لێدوانەکانی سەردار ئیسماعیل دەداتەوە

Yariga App

یاریگا –

پەیوەندییەکانی نێوان یانەی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی وەرزش تەواو ئاڵۆز بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، بە توندی رەخنەی لە هەڵبژاردنی تەواوکاری دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر گرت و بە نایاسایی وەسفکرد.

بەداخەوە یانەی هەولێر زوو بە بەیاننامە وەڵامی ئێمەی دایەوە، هیوادارم کەسێک ئەمەی نووسیبێت نەک دەستەی کارگێڕی یانەکە، چونکە یانەی هەولێر وەکو یانەیەکی سەر بە بەغدا وەسف دەکەن و یانەکە بە نوێنەری لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق دادەنێن.

هەڵوێستی یانەی هەولێر

هەرچەندە یانەی هەولێر چەند کاتژمێرێک دوای بەیاننامەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تەواوی پڕۆسەکەی بە یاسایی وەسفکرد. تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ وەرگرتنی زانیاری ورد، لێدوانی لە رەوەز سەلام، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و گوتەبێژی یانەی هەولێر وەرگرت.

رەوەز سەلام دووپاتیدەکاتەوە، لێدوانەکانی سەردار ئیسماعیل، هیچ بەهایەکی یاساییان نییە، تەنانەت ناتوانێت هیچ بڕیارێک لەسەر چارەنووسی یانەکە بدات؛

رێزێکی زۆرمان بۆ کاک سەردار ئیسماعیل هەیە، بەڵام لەڕووی یاساییەوە یانەی هەولێر دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێناوە. کاک سەردار هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر یانەی هەولێر نییە.

دووپاتیدەکەینەوە، سەردار ئیسماعیل ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی یانەی هەولێر بدات، بەڵکو تەنیا نووسینگەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەتوانن بڕیاری چارەنووسساز لەسەر یانەکە بدەن.

هەولێر تەنیا یەک مەرجەعی هەیە، ئەویش ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی فەخری یانەکەیە. لەڕووی یاساییشەوە، یانەی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی هەولێرە، نەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش.

گوتەبێژی یانەی هەولێر دووپاتیکردەوە، یانەی هەولێر تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسایی بەکارهێناوە و هەڵبژاردنی تەواوکاریی دەستەی کارگێڕی یانەکە، تەواو یاساییە؛

دەمانەوێت هەموو شتێک روونبێت، یانەی هەولێر دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە و بەفەرمی نووسراومان ئاڕاستەی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق لقی هەولێر کردووە، تاوەکو نوێنەرانی خۆیان لە هەڵبژاردنی تەواوکاری ئامادەبن.

بەگوێرەی دەسەڵاتەکانی خۆمان، لێژنەی سەرپەرشتیاری و لێژنەی تانەدانمان بە ئامادەبوونی دادوەر پێکهێناوە.

هەر بەگوێرەی دەسەڵاتەکانی یانەی هەولێر، لیژنەی جیاوازمان پێکهێناوە، تاوەکو هەموو شتێک بە یاسایی بەڕێوەبچێت. دووپاتیدەکەمەوە، هەموو هەنگاوەکانی یانەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی تەواوکاری دەستەی کارگێڕی یاسایین.

پەیامێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یانەی هەولێر؛ قبووڵکراو نییە

چی روویداوە؟

لە کاردانەوەی هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان بەیاننامەیەکی توندی لە دژی یانەکە بڵاوکردەوە و تەواوی پڕۆسەکەی بە نایاسایی لەقەڵەمدا.

لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەچووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای یانە وەرزشییەکانی عێراق ژمارە (18) ی ساڵی 1986، هەمووارکراو بە ژمارە (37) ی ساڵی 1988 و یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە پێشێلکاری تایبەتمەندی دامەزراوە وەرزشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بۆیە ئەمە جێگای قبووڵکردن نییە و سەرلەبەری پرۆسەکە لەلایەن ئێمە باوەڕپێکراو نیە و رەتیدەکەینەوە.

یانەی هەولێر چەند کاتژمێرێک دوای بەیاننامەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تەواوی پڕۆسەکەی بە یاسایی وەسفکرد؛

بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان و خودی بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان کە کاری راستەقینەی خۆی بیرچووە و دەستێوەردان لە هەموو کارێک دەکات و تەنیا کاری بووەتە یانەی هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەڵبژاردنە رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی یانەکە لە 17ی 7ی 2025 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش و بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان نەماوین و هەڵوەشاینەوە.

یانەی هەولێر-ی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سەر بە نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵمپی عێڕاق / لقی هەولێرە و پابەندی بڕیارەکانی ئەوان دەبین، ئەوانیش هەڵبژاردنەکەیان وەک هەموو شارەکانی دیکە کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش دەسەڵاتی بەسەر هیچ یانەیەکی کوردستاندا نییە و بەسەر ئێمەشی نابێت.

کەیسەکە لەڕووی یاساییەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لەڕووی یاساییەوە چەندین بڕگە و ماددەی باسکردووە کە گوایە یانەی هەولێر پێشێلیکردوون.

لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2011، لە ماددەی دووەم و لەبڕگەی نۆیەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنی سەرەکی و بەرپرسی یەکەمی وەرزشییە.

بەگوێرەی ماددەکانی 115، 117 و 121ی دەستووری عێراق، ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە، دامەزراوەکانی وەرزشی بەڕێوەببات، ئەمەش خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش دەبینێتەوە.

بیانووی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ نادەستووری و نایاسایی هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێر بریتییە لە؛

هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێر، پێشێلی یاسای یانەکانی وەرزشی عێراق ژمارە (18)ی هەموارکراو بە ژمارە 37ی ساڵی 1988 و یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەم هەنگاوە تایبەتمەندی دامەزراوەکانی وەرزشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشێلکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button