گۆڵپارێزێکی بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ یانەکە نوێ دەکاتەوە

یاریگا –
دوایین راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڤۆیچێخ چێزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی بارسێلۆنا، لەگەڵ یانەکەی رێک کەوتووە تاوەکوو گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
رۆژنامەنوسی ئیسپانی لویس رۆخۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە دواجار چێزنی دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە داهاتووی خۆی لە بارسێلۆنا داوە و دەیەوێت لانیکەم بۆ وەرزێکی دیکە لە یانەکە بمێنێتەوە. بێگومان یانەکە هێشتا بەدوای جێگرەوەیەکی هەمیشەییدا دەگەڕێت، چونکە داهاتووی مارک ئەندرێ تێر شتیگن هێشتا گومانی لەسەرە.
Szczesny se queda un año más en el Barcelona. Ya ha dado el sí al club.
— luis rojo (@Luis_F_Rojo) May 30, 2025
لە کۆتایی وەرزی 2023-2024 چێزنی دوای ئەوەی رەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس بڕیاریدا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە تۆپی پی بکات، بەڵام دوای مانگێک لە بڕیارەکەی تێر شتیگن بەهۆی پێکانەوە لە وەرزەکە بێبەش بوو و بلاوگرانا وەک جێگرەوەی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە گرێبەستی لەگەڵ چێزنیدا واژۆ کرد.
گۆڵپارێزی پێشووی ئارسیناڵ و یوڤێنتوس بەخێرایی لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا جێگیر بوو و ئێستا یانەکە چاوی لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی بۆ وەرزێکی دیکە. لەگەڵ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی چێزنی، پێدەچێت ئێستا تێر شتیگن بە دوای یانەیەکی نوێدا بگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێکهاتەی ئەڵمانیدا بێت بۆ مۆندیالی 2026. هەروەها گرێبەستی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە لەگەڵ بارسیلۆنا تا ساڵی 2028ـە، بەڵام پێدەچێت فلیک هیچ کێشەیەکی لەگەڵ رۆشتنی نەبێت.