
یاریگا –
کارڤاخال و میلیتاو لە گەڕانەوەیان بۆ یاریگاکان نزیکن و بۆ مۆندیالی یانەکان ئامادە دەبن، کە دوای کەمتر لە مانگێکی دیکە لە ئەمریکا دەستپێدەکات.
تۆڕی وەرزشی رێلێڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دانی کارڤاخال و ئیدێر میلیتاو لە دوایین قۆناخی پرۆسەی چاکبوونەوەیانن و بۆ مۆندیالی یانەکان ئامادە دەبن، کە هەردوو بەرگریکارەکە تووشی پێکانی درێژخایەن بووینە و لە سەرەتای ئەم وەرزەوە لە یارییەکانی لۆس بلانکۆس دابڕاون.
Militao y Carvajal se apuntan al Mundial de Clubes https://t.co/i6SSK05VH4
— Relevo (@relevo) May 18, 2025
ریال مەدرید لە ئێستاوە بە چڕی ئامادەکاریی بۆ مۆندیالی یانەکان دەکات و دەیەوێت بە باشترین شێوە خۆی بۆ یەکەمین وەشانی ئەم پاڵەوانێتییە ئامادە بکات، کە رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو لە ئەمریکا دەستپێدەکات.
رێلێڤۆ راشیگەیاندووە، ریال مەدرید دوای گرێبەستکردنی لەگەڵ ئالێکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن نزیکە گرێبەستی ئالڤارۆ کارێراس یەکلا بکاتەوە و سێ بەرگریکاری نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی، کە وەرزی رابردوو بەهۆی پێکانەوە هێلی بەرگری مەدریدییەکان بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕی.
میلیتاو لە یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە نۆڤێمبەری ساڵی رابردووەوە بەهۆی پێکانی ئەژنۆی لە یاریکردن دابڕاوە، دانی کارڤاخالیش لەوەتەی لە یاریی بەرامبەر ڤیاڕیال لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تووشی پێکان بووە، لە یانەکەی دابڕاوە، پێشبینی دەکرێت هەردوو بەرگریکارەکە سەرەتای مانگی داهاتوو گڵۆپی سەوزیان بۆ هەلبکرێت و لەگەڵ یانەکەیان بۆ مۆندیالی یانەکان بەردست بن.
کارڤاخال و میلیتاو بۆ مۆندیالی یانەکان لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەیان نابن، بەڵام کورسی یەدەکی تیپەکەی چابی ئالۆنسۆ پڕ دەکەنەوە و هەردووکیان دەبنە زیادەیەکی باش بۆ کەتیبەی شایانەکان.