
یاریگا –
دەیڤد دی خیا وەرزێکی نایابی لە سێریا ئەی بەڕێکردووە و ئێستا قسە لەسەر داهاتووی خۆی لە فیۆرێنتینا دەکات.
دی خیا بەشداری لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی کۆنفڕانس لیگ بەرامبەر ریال بێتیس کرد، لە دوای یارییەکە گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە باسی داهاتووی خۆی لە ئیتاڵیا کرد.
رۆژ بە رۆژ بیر لە پێگەی خۆم دەکەمەوە، ئێستا لە فلۆرانسا زۆر دڵخۆشم و چێژ لە تۆپی پێی ئیتاڵیا وەردەگرم، هیواخوازم باشترین ئەنجام لەگەڵ تیمەکەم بەدەستبهێنم.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 مانچێستەر یونایتدی جێهێشت، دی خیا بۆ ماوەی ساڵێک لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، پاشان گرێبەستێکی بۆ ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ فیۆرێنتینا واژۆکرد.
دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەگەڵ ڤیۆلا، ئێستا باس لە ئەگەرەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی دەستیپێنەکردووە.
سبەی یەکشەممە دی خیا لەگەڵ تیمەکەی لە سێریا ئەی رووبەڕووی رۆما دەبێتەوە. کەتیبەکەی رافایێلی پالادینۆ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندیدان و سێ خاڵ لە چوار پلەی پێشەوە دوورن.