
یاریگا –
شکستەکەی شەوی رابردووی کارلۆ ئانچێلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا، گومانێکی زۆری لەسەر داهاتووەکەی داناوە.
بارسێلۆنا یارییەکە 3-2 لە ریال مەدرید بردەوە و هانزی فلیک، راهێنەری بارسا باڵا دەستی خۆی بەرامبەر کارلۆ ئانچێلۆتی دووپاتکردەوە. ریال مەترسییەکی گەورەی لەسەرە، ئەم وەرزە بەبێ هیچ دەستکەوتێک تەواو بکات، ئەوە جامی شای لەدەستدا و لە لالیگاش چوار خاڵ لەدواوەیە و پێشتریش لە چامپیۆنزلیگ لەسەردەستی ئارسیناڵ دەرکرابوو.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل زۆر بە رازیکردنی ئانچێلۆتی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل گەشبینە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکە بێت، ئانچێلۆتی بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، پەیوەندی بە هەڵبژاردەی بەڕازیلیەوە دەکات و ئێستا راهێنەرە ئیتاڵییەکە چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی یانە مەدریدییەکەیە.
سکای سپۆرتس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل بڵاویکردووەتەوە، یەکێتییەکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی رازیکردنی راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەدات، تەنانەت دەیەوێت دوای تەواوبوونی وەرز، بە فەرمی ئەرکەکە لە ئەستۆ بگرێت.
چەند نوێنەرێکی یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل ماوەیەکە لە ئیسپانیا چاودێری یارییەکانی ریال مەدرید دەکەن. ئامانجی سەرەکییان دەستپێکردنی گفتوگۆی فەرمییە لەگەڵ ئانچێلۆتی.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە چاوەڕێی بڕیارێکی روونی ریال مەدریدە، ئینجا رووناکی سەوز بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل هەڵدەکات.
بارسێلۆنا بۆ 32مین جار لە مێژوودا، نازناوەکەی بردەوە و لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمە دووەمجارە بە بردنەوەی لە ریال مەدرید دەبێتە پاڵەوان، ئەمەش دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا 5-2 لە سەرەتای ساڵی رابردوودا.
بارسێلۆنا ئەم وەرزە سێجار بەرامبەر ریال مەدرید یارییکردووە و هەرسێجار لێی بردووەتەوە. 11ی مانگی داهاتوو لە لالیگا دووەم یاریی وەرزی خولەکە لە یاریگای مۆنجویک دەکەن.