
یاریگا –
چ لە رێگەی شوێنی لەدایکبوونەوە، چ لە رێگەی پەیوەندی خێزانی یان نیشتەجێبوون، بژاردەی جۆراوجۆر لەبەردەم کوڕە گەورەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا هەیە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی شکاند و بە 133 یاری نێودەوڵەتی گەیشتە زۆرترین بردنەوە لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا و پێش سێرجیۆ رامۆسی هاوڕێی پێشووی کەوتەوە. بەڵام لە تەمەنی 40 ساڵیدا پێدەچێت کاتەکانە لە ماڵئاوایی نزیک بووبێتەوە. لێرەدا کەسێک دێت بە هەمان ناو و هەمان خوێن: کریستیانۆ رۆناڵدۆ دۆس سانتۆس جونیۆر، یەکەم میراتگری ئەستێرە پۆرتوگالییەکە.
ئەو یاریزانە کە ئێستا تەمەنی 14 ساڵە، لە ئێستاوە لە ژێر چاودێری زۆرێک لە تیپە گەورەکانی جیهاندایە و لە ریزەکانی لاوانی یانەکانی وەک یوڤێنتۆس و مانچێستەر یونایتد یاریی کردووە و کاریگەری ئەرێنی بەجێهێشتووە. ئێستا لە تیپی لاوانی نەسر، تیپی ئێستای باوکی یاریی دەکات. بەڵام رووبەڕووی بڕیارێکی سەخت بووەتەوە کە دەبێت بەم نزیکانە خۆی یەکلایی بکاتەوە: بۆ کام هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکات؟ بژاردەی جۆراوجۆری هەیە، هەندێکیان لە هەندێکی تر گونجاوترن، بەڵام مەرج نییە تەنیا یەک وڵات هەڵبژێرێت. لێرەدا بژاردەکانی دەخەینەڕوو:
بە پشت بەستن بە شوێنی لەدایکبوونی:
لە ساڵی 2010، سەرەڕای ئەوەی تەنیا بۆ ماوەی ساڵێک لە ریال مەدرید بوو، رۆناڵدۆ بڕیاریدا یەکەم منداڵی لە شاری سان دیێگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە دایک ببێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەتوانێت بۆ هەڵبژاردەی ئەمریکا وەک کریستیان پولیسیچ و تیمۆسی ویا یاریی بکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەبارەی بیرکردنەوەی باوکیەوە دەیزانین، ئەم بژاردەیە کەمتر ئەگەری هەیە، بەڵام هێشتا رێگایەکە شایەنی بیر لێکردنەوەیە.
بەهۆکاری نیشتەجێبوون:
لە 27ی ئابی 2021، هەموو جیهانی تۆپی پێ بە گەڕانەوەی کریستیانۆ بۆ مانچێستەر تووشی شۆک بوون. کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای 12 ساڵ، دووبارە لە یانەکە دەستی بە یاریی کردن کردەوە، کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند. ئەم مانەوەیە لەگەڵ خولی پێشوو و هەندێک فۆرماڵیتی یاسایی، رێگە بە جونیۆر دەدات کە لانیکەم بۆ دەیەی داهاتوو لە هەمان ژووری جلگۆڕین لەگەڵ جود بێلینگهام و ئەستێرەکانی دیکەی ئینگلتەرا یاریی بکات.
لارۆخا چاوەڕێی بڕیارەکەی دەکات!
لە ساڵی 2009 رۆناڵدۆ بووە گرانترین و باشترین یاریزانی ئەو سەردەمە. وەک ئەستێرەیەکی گەورە پەیوەندی بە خولی ئیسپانیاوە کرد، دوای ساڵێک بڕیاریدا منداڵەکەی لە ئەمریکا ببێت، بەڵام کریس جونیۆر ماوەی تا تەمەنی 8 ساڵانی لە ئیسپانیا بەسەربرد. لە رووی یاساییەوە مانەوە لە ئیسپانیا بۆ ماوەی لانیکەم سێ ساڵ پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە10 ساڵ بێت، شایستەی ئەوەی پێدەدات کە داوای رەگەزنامە بکەیت. بیرۆکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە بەشداری لامین یامال، نیکۆ ویلیامز، تیاگۆ مێسی (کە بە هەمان مەرجی یاسایی شایستەی هەیە) و کریستیانۆ جونیۆر لە مۆندیالی 2030 کە لە پۆرتوگال و مەغریب و ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، جێگەی سەرنجە.
کیپ ڤێرد؟
رەنگە ئیزابێل دا پیداد ناوێکی ئاشنا نەبێت، بەڵام ئەم ژنە بەڕەچەڵەک خەڵکی دوورگەکانی کیپ ڤێردی ئەفریقایە، داپیرەی ماریا دۆلۆریس دۆس سانتۆس ئاڤێرۆیە کە دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە. لە رووی گرنگی و گەورەییەوە، رەنگە ئەم هەڵبژاردنە ئەوەندە دیار نەبێت، بەڵام لایەنی سۆزداری دەتوانێت ئەگەرێکی گرنگ بێت لە بڕیاردان. سەرەڕای ئەوەش، زمانی پۆرتوگالی لەم وڵاتەدا قسە دەکرێت، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گونجانی کولتووری لاوە 14 ساڵانەکە.
باوترین بژاردە
بەم دواییە باوکی جەنیۆر مێژووی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال نووسیوەتەوە، سەرکردایەتی نەوەیەکی کرد کە وڵاتەکەیان گەڕاندەوە بۆ لوتکەی تۆپی پێی جیهانی دوای چەندین ساڵ لە دوورکەوتنەوە. نازناوی یۆرۆی 2016 و خولی نەتەوەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2019 تاکە دوو نازناون لە مێژووی هەڵبژاردەی پورتوگال کە لە سەردەمی کاپتنی رۆناڵدۆدا بەدەستیان هێناوە.
نەمانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆرتوگال دەتوانێ ئاڵنگارییەکی گەورە بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی باوکی و گرنگیی لە تۆپی پێی ئەو وڵاتەدا، پێدەچێت مەحاڵ بێت رەگەزنامەی پۆرتوگالی وەرنەگرێت. ئەم سیناریۆیە دەتوانێت وێنەیەکی یادگاری دروست بکات: وەک لێبرۆن جەیمس و برۆنی جەیمسی کوڕی، ئەگەری زۆرە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ و کریستیانۆ جونیۆر پێکەوە بەر لە یاریی سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە.