
یاریگا –
دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی فەڵەستین لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا خێسوس کاساس لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
کەناڵی کاس بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی کاساسی لە پۆستەکەی داوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەبێتە فەرمی.
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان، خێسوس کاساس لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک، بە سێ وشە ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەکە کرد و نووسیویەتی
سوپاس بۆ هەموو شتێک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاساس 500 هەزار (نیو ملیۆن دۆلارە)، لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە شێوەیەکی تاکلایەنانە، دەبێ عێراق تەواوی شایستە داراییەکانی خەرج بکات.
هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 2-1 بە فەڵەستین دۆڕا و دەرفەتەکانی گەیشتنی راستەوخۆی بە گەورەترین پاڵەوانیەتی جیهان کەمبووەوە.
عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەی دووەمدا دێت، بە جیاوازی خاڵێک لەگەڵ ئوردن و چوار خاڵ لەگەڵ کۆریای باشوور پێشەنگ.
شێرەکانی رافیدەین دوو یاریی چارەنووسسازی لە پاڵاوتنەکان ماوە و هەردوو یارییەکەش بەرامبەر دوو رکابەرەکەیەتی.
عێراق لە 5ی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو لە یاریگای بەسڕە میوانداری کۆریای باشوور دەکات و پێنج رۆژ دواتر لە عەمان رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە.
خاوەن دوو پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026 و خاوەن پلەی سێیەم دەبێ یاریی پلەی ئۆف بکات، ئینجا چارەنووسی یەکلاییدەبێتەوە.
کاساس لە 5ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2022 ئەرکی راهێنەرایەتی عێراقی وەرگرت و لە ساڵی 2023 لەگەڵ عێراق بووە پاڵەوانی جامی کەنداو کە لە بەسڕە بەڕێوەچوو.
خێسوس لە 34 یاریدا راهێنەرایەتی عێراقی کردووە، 18 بردنەوە، 8 دۆڕان و 8 یەکسانبوونی لە کاروانەکە تۆمارکردووە و رێژەی بردنەوەی 52.94%ە.
عێراق لەگەڵ کاساس لە جامی ئاسیای 2023 کە لە قەتەڕ بەڕێوەچوو، ئاستێکی بەرزی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پێشکەشکرد و لە ژاپۆنی بردەوە، بەڵام لە قۆناخی 16 بە ئوردن دۆڕا.
حکومەت و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بە تەواوی پاڵپشتی کاساسیان کردووە و هەموو پێداویستییەکانیان دابینکردووە، لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، کاساس لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بەڵێنی هەموو ئاسانکارییەکی پێدرا.
راهێنەرە ئیسپانییەکە پێشتر لە دەستەی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی واتفۆرد کاریکردووە.