
یاریگا –
تۆپیهێنەرەوەیەکی تەمەن 15 ساڵ، بە ناوی نۆئێل لە بردنەوەی ئەلمانیا بەرامبەر ئیتاڵیا رۆڵی سەرەکی هەبووە.
لە قۆناخی چارەکی کۆتایی نەیشنزلیگ، ئەڵمانیا لە یاریی چوون 2-1 لە ئیتاڵیای بردبووەوە، شەوی رابردوو لە یاریی گەڕانەوە رووبەڕووبوونەوە و 3-3 یەکسانبوون، بە ئەنجامی هەردوو یاریی مانشافت گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام پاڵەوانی یارییەکە تۆپهێنەرەوەیەکی ئەڵمانی بوو.
لە یارییەکە چی روویدا؟
کاتێک لە خولەکی 36 کۆڕنەرێک بۆ ئەڵمانیا هەژمارکرا، نۆئێل خێراتر لە تەواوی بەرگریکارەکانی ئیتاڵیا کاردانەوەی هەبوو و تۆپەکەی بە خێرایی گەیاندە جوشوا کیمیچ بۆ ئەوەی لێدانی کۆڕنەکە جێبەجێبکات. کیمیچ هەرزوو تۆپەکەی وەرگرت و لە بێئاگایی ئیتاڵییاکان پاسی دا، لەناکاو موسیالا لەبەردەم تۆڕی گۆڵێکی چۆلدا بە ئاسانی گۆڵی دووەمی ئەڵمانیای تۆمارکرد. هەموو ئەمانە تەنیا چەند چرکەیەکی خایاند!
نۆئێل یەکسەر بوو بەو پیاوەی کە هەمووان باسییان دەکرد و لە پەخشی تەلەفزیۆنی RTLدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوت. دواتر تەنانەت هەواداران داوای سێڵفیان لێدەکرد. رۆژنامەی بیڵدیش راستەوخۆ دوای گۆڵەکە، لە نزیک ئاڵای کۆرنەرەوە، تۆپهێنەرەوەکەی دۆزیەوە و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کرد.
نۆئیل بۆ بیڵدی:
لەگەڵ کیمیچ بە چاو لە یەکتر تێگەیشتین. یەکسەر تۆپەکەم بۆ فڕێدا. ئەویش تۆپەکەی بۆ موسیالا نارد. دوای دوو سێ خولەک، دایک و باوکم نامەیان بۆ ناردم و پێیان گوتم : تۆ لە تیڤی دەرکەوتی! تووشی شۆک بووم، پێدەچوو بە تەواوی خەون بێت.
دوای فیکەی کۆتایی، چاوی بە کیمیچ کەوتەوە و گوتی:
دوای یارییەکە، بۆ ساتێک چاوم بە جوشوا کەوت. سوپاسی کردم بۆ ئەسیستەکەم! پاشان تۆپەکەی بۆ من واژۆ کرد. دواتریش درێسێکەیم پێدەدات. بێگومان شوێنێکی تایبەتیان دەبێت لە ژوورەکەمدا.
نۆئێل لە شاری دۆرتمۆند دەژی و وەک یاریزانی باڵی راست لە تیپی هۆمبرۆکەر ئێس ڤی خوار 19 ساڵان یاری دەکات و هاندەری دۆرتمۆندە، ئەمە یەکەم ئەزمونی بوو وەک تۆپهێنەرەوە و توانی لە یەکەم ئەزمونیدا وەکوو پاڵەوانی ئەڵمانیەکان خۆی بناسێنێت.