ئەستێرەی یاریگا؛ حوزاف عەلی باشترین یاریزانی گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی کوردستان بوو
لە یاریی بەرامبەر برایەتی بە زمانی بەڕۆژوو دوو گۆڵی کرد

یاریگا –
حوزاف عەلی هێرشبەری ئاکرێ بە باشترین یاریزانی گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا، کە هەفتانە تۆڕی وەرزشی یاریگا باشترین یاریزانی هەر گەڕێکی خولەکە هەڵدەبژێرێت.
حوزاف عەلی هێرشبەری گانایی یانەی ئاکرێ باشترین یاریزانی ئەم هەفتەیەی خولی نایابی کوردستان بوو، لە یاریی بەرامبەر ئاکرێ دوو گۆڵی کرد و سێ خاڵی گرنگی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا، کە ئاکرێ 2-1 لە برایەتی میوانی بردەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، حوزاف عەلی موسڵمانە و بە زمانی بەڕۆژوو یارییەکەی بەرامبەر برایەتی کردبوو، کەچی دوایین 10 خولەکی یارییەکە دووانەی بۆ یانەکەی کرد و ئەنجامەکەی ئاوەژوو کردەوە، لە خولەکی 81 گۆڵی یەکەمی کرد و لە خولەکی 89 گۆڵی دووەمی کرد.
حوزاف عەلی (26 ساڵان) لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە لە یانەی گۆڵد ستارسی گاناییەوە پەیوەندی بە ئاکرێوە کرد، کە لە خولی نایابی گانا لە 83 یاری 20 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە، لەوەتەی پەیوەندی بە ئاکرێوە کردووە یەکەمجارە بە درێسی یانەکەی گۆڵ دەکات، کە ئاکرێ بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 29 خاڵ هاتە پلەی چوارەمی خولەکە.
لەم گەڕەی خولی نایابی کوردستان جگە لە حوزاف یاریزانێکی دیکەی گانایی دووانەی لە خولەکە کرد، فرانسیس دادزی هێرشبەری گانایی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر زاخۆ دوو گۆڵی کرد، بەڵام زاخۆ 4-2 ئەو یارییەی بردەوە و خۆی لە پێشمەرگە نزیککردەوە.
لە گەڕی بیست و یەکەم لە 6 یاری 19 گۆڵ تۆمارکران، واتە لە هەر یارییەک 3.1 گۆڵ تۆمارکران، شێروانە بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە پێگەی خۆی قایمترکرد و چوار خاڵ لە پێشمەرگەی هەولێر دوورکەوتەوە کە لە پلەی دووەم خاوەنی 39 خاڵە و زاخۆش بە 38 خاڵ سێیەمە.