
یاریگا –
رۆمێلو لوکاکو، یاریزانی نێودەوڵەتی بەلجیکی بۆ یەکەمجار باسی ساتە سەختەکانی لە چێڵسی دەکات.
لوکاکو لە ساڵی 2021 بۆ جاری دووەم گەڕایەوە چێڵسی و بەبڕی 98 ملیۆن پاوەند، بووە گرانترین یاریزانی ئەوکاتە لە مێژووی چێلسی. لوکاکو تەنیا 26 یاریی لە پرێمەرلیگ کرد، هەشت گۆڵی بۆ یانەکە کرد، دواتر بە خواستن پەیوەندی بە ئینتەر، پاشان رۆماوە کرد، تاوەکو لە کۆتاییدا لە هاوینی رابردوودا بە گواستنەوەی هەمیشەیی چووە ناپۆلی.
لوکاکو بە ساتی زۆر سەخت تێپەڕیوە و ناچار دەکران لە ژووری جلگۆڕینی تیمی لاوان جل بگۆڕن. لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی کۆرێرێ دێلۆ سپۆرت دەڵێت
بە تەنیا من نەبووم، بەڵکو (پیێر ئێمریک) ئاوبامیانگ و (حەکیم) زەیاشیس لە دەرەوەی پڕۆژەی نوێی چێڵسیدا بوون. وایان لێدەکردین لە ژووری جلگۆڕینی تیمی لاوان خۆمان بگۆڕین. ئەمە بزنسە و یانەکە پێت دەڵێت، چیدیکە تۆمان ناوێت. بەڵام تەنانەت ئەگەر بە هۆکاری زۆر زەقیش بێت، توانای گواستنەوەت نەبوو، چونکە سیاسەتەکەیان روونبوو، تاوەکو کۆتایی راتدەکێشن و ماندووت دەکەن.
یانەکان پەیوەندییان لەگەڵ میدیاکان هەیە و کارێکی ئەستەم نییە، لەڕێگەی میدیاوە کاریگەری لەسەر یاریزانێک دروست بکەیت و وێنەیەکی هەڵەی لەسەر بڵاوبکرێتەوە. چەندین شتم بینیوە کە هەرگیز بە خەیاڵیش بیرم لێنەدەکردەوە. رۆژێک دێت و ئەمە بۆ یاریزانانی لاو باس دەکەم.
لوکاکو لەم وەرزەدا نۆ گۆڵی بۆ ناپۆلی کردووە و سبەی لە گەڕی 28ی سێریا ئەی میوانداری فیۆرێنتینا دەکات.