رۆناڵدۆی بەڕازیلی وەڵامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەداتەوە: تۆ باشترینی مێژوو نیت هێندە ستایشی خۆت مەکە

یاریگا –
رۆناڵدۆی بەڕازیلی وەڵامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەداتەوە کە گوتبووی خۆی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی دەزانێت، دەڵێت :’باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ نییە، بەڵکو یەکێکە لە 10 باشترین یاریزانانی مێژوو’.
رۆناڵدۆی بەڕازیلی لەبارەی لێدوانەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی ESPN دەڵێت :’من نامەوێت زۆر لەبارەی ئەم بابەتانەوە قسە بکەم، بەڵام هەندێک کەس هەن ستایشی خۆیان دەکەن، من پێمباشترە خەڵکی لەبارەی ئاست و لێهاتووییم قسە بکەن، پێمباشترە خەڵکی باسی ئەوە بکەن کە چیم کردووە، لەجیاتی ئەوەی خۆم بەسەر خۆمدا هەڵبڵێم’.
Ronaldo Nazário sobre Cristiano Ronaldo: “No estoy de acuerdo en que sea el mejor… yo diría que entre los diez mejores.”
(vía @ESPNBrasil) pic.twitter.com/jaJuUmSeQE
— ESPN Deportes (@ESPNDeportes) February 26, 2025
هەروەها رۆناڵدۆی دیاردە لەبارەی کریستیانۆ دەشڵێت :’ئەو چیرۆکێکی نایابی هەیە، چەندان دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، بە هەموو شێواز و رێگایەک گۆڵی کردووە، ئەو شوێنی یاریکردنیشی لەناو یاریگا گۆڕا، کەچی وەکو هێرشبەر و باڵەکان لەسەر گۆڵکردن بەردەوام بوو، ئەمە هەروا ئاسان نییە، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام من بڕوام وانییە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ بێت، من رێز لە بۆچوونەکەی ئەو دەگرم، بەڵام لەگەڵی هاوڕا نیم، دەتوانم بڵێم یەکێکە لە 10 باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ’.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دیمانەیەکی مانگێک لەمەوبەر گوتبووی ‘من باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم، ئامارەکان خۆیان لەبارەی منەوە قسە دەکەن و بەڵگەن’.