یاریگا –
بۆیان کرکیچ، ئەندامی پێشووی بەڕێوبەرایەتی بارسێلۆنا هۆکاری ئەوەیکە بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ لۆکا مۆدریچدا واژۆ نەکرد ئاشکرا کرد.
زڤۆنیمیر بۆبان کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی کرواتیا و بۆیان کرکیچ ئەندامی پێشووی یانەی وەرزشی بارسێلۆنا میوانی بەرنامەی تایبەتی ئەم هەفتەیەی رادیۆ کادینا سێر بوون.
لە بەشێکی ئەم چاوپێکەوتنە کە لەسەر بابەتی جۆراوجۆر بوو، باسیان لە لۆکا مۆدریچی تەمەن 39 ساڵ ئەفسانەی تۆپی پێی کرواتی و ریال مەدرید و براوەی تۆپی ئاڵتونی 2018 کرد.
بۆیان، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا مۆدریچ باشترین یاریزانی تۆپی پێی کرواتییە لە مێژوودا گوتی:
ئەو باشترین ئەنجامەکانی بەدەستهێناوە، قورسە بڵێین کێ باشترینە، بە دڵنیاییەوە ناوەڕاستکارێکی نایابە کە تۆپی پێی ناوازەی بۆ کرواتیا و هەموو جیهان نیشانداوە، یاریزانێکی زیرەکە ، تەکنیکێکی نایابی هەیە و خوێنەرێکی باشی یارییەکانە.
View this post on Instagram
لەو ساتەدا کرکیچ یادەوەرییەکی کۆنی وەبیرهێناتەوە و بە زڤۆنیمیری گوت:
بیرمە پەیوەندیم پێوەکردیت و پرسیارم لەبارەی مۆدریچەوە کرد، تۆ ئەوکات پێت گوتم کە ئەو یاریزانێکی کلاسیکی ژمارە 10یە و یاریزانانی تۆپی پێی هەرێمی بەڵکان بەهرەیەی زۆریان هەیە، بەڵام کەسی وەک ئەوی تێدا نییە، هەروەها گوتت وەکوو یاریزانێکی ژمارە 10 پۆینتی 10/10ـیە، لەبیرمە لەگەڵ مۆدریچ کۆبوونەوەیەکمان هەبوو بەڵام گرێبەستمان واژۆ نەکرد چونکە لەو کاتەدا ئینێستا و چاڤیمان لە بارسێلۆنا هەبوو، بەڵام هێشتا ئەو گفتوگۆیەم لەبیرە.
مۆدریچ لە یانەکانی ئینتەر زاپرێسیچ، زرینسکی مۆستار، دینامۆ و تۆتنهام یاریی کردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2012 بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات. بوو بە ئەفسانە و توانی 28 نازناو لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە بەدەستبهێنێت و ئەمڕۆش لە تەمەنی 39 ساڵیدا لە ژێر دەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی یاری دەکات. گرێبەستەکەی تا کۆتایی ئەم وەرزەیە و لەم وەرزەدا لە 33 یاریدا 2 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئەسیستیشی هەبووە.